لە کاردانەوەیەکدا لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی دەزگەی چاودێری مەلا بەختیار لە سلێمانی، چاودێرێكی سیاسی رایدەگەیەنێت کە ئەو کردارە پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێچەوانەی بەها دیموکراسییەکانە.
رۆژهات پشدەری بە ماڵپەری (کوردستان تیڤی) راگەیاند: دەستبەسەرداگرتنی دەزگەی چاودێری مەلا بەختیار، تەواوی پرسی ئازادی ڕادەڕبرین و دیموکراسی خستۆتە بەردەم پرسیار و پێویستە رێکخراو و کۆمەڵگەی مەدەنی بێ دەنگ نەبن.
پشدەری گوتیشی: سەرانی یەکێتیی نوێ، دۆخی سلێمانییان تەواو ئاڵۆز کردووە و بە سەربازیکردنی هێزی دەمامکدار، بووەتە هۆی تۆقاندن و ڕفاندنی چالاکوان و خەڵکی کاسبکار.
ئەم چاودێرە سیاسییە هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: هەر کەسێک کە خاوەنی خەباتی دوور و درێژی یەکێتی بێت، بەڵام پابەندی فەرمانەکانی مافیاگەریی سەرانی یەکێتیی بە ناو نوێیەکە نەکات، ئەوها دەکەوێتە بەر پەلامار و نکۆڵیکردن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 5 هێزێکی کۆماندۆی یەكێتی چوونە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و رۆشنگەری مەلا بەختیار و دەزگای رۆشنگەریی چاودێر و بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران لە پارێزگای سلێمانی.
بۆ ئەم مەبەستە دەزگای رۆشنگەریی چاودێر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "هێزەکە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان ئینزن داوە و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە".
هەروەها رایگەیاند: ئێمە وەکو تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین.
لای خۆشییەوە مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی ئاشكرای كرد كە پاڤڵ تاڵەبانی و هێزە سەربازییەكانی پلانیان داڕشتووە بێنە سەر ماڵەكەم لە خانەقین و دەستبەسەر تەواوی موڵك و ماڵەكەمدا بگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.