بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا سەرجەم دوكاندارانی بازاڕەكانی قەیسەری و لەنگە و شێخەڵا ئەوانەی دوكانیان سوتابوو، قەرەبوو بكرێنەوە و پڕۆسەی دابەشكردنی قەرەبووەكەش لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ دەكات.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەكرێت.
راشیگەیاند: تەواوی دوكانەكان ئەوانەی لەناو بازاڕی قەیسەری سوتابوون 227 دوكان بوون، هەریەكێك لەوان بەپێی قەبارەی زیان و سوتانی دوكانەكەیان قەرەبوو دەكرێتەوە، كەمترین رێژەی قەرەبووكردنەوە 2 ملیۆن دینارە دەبێت و زۆرترین رێژەش 20 ملیۆن دینار.
هەروەها رایگەیاند: واتە قەرەبووكردنەوەكە بەیەك رێژە پارەی دیاریكراو نابێت، لە 2 ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەكات تا 20 ملیۆن دینار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەرجەم دوكانەكانی ناو بازاڕەكە لەسەر ئەركی حكوومەت نۆژەن دەكرێتەوە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: رەنگە دوكاندارێك لە سوتانی بازاڕی قەیسەری بە یەك ملیۆن دینار زەرەرمەند بووبێت، بەڵام ئەویش قەرەبووی 2 ملیۆن دیناری بۆ خەرج دەكرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە تێچووی گشتی نۆژەنكردنەوی بازاڕی قەیسەر گوژمەی 5 ملیار و 300 مملیۆن دیناری تێدەچێت و لە ماوەی شەش مانگدا كارەكانی كۆتایی دێت.
جەختیشی كردەوە كە سەرەڕای قەرەبووكردنەوەكە، ئەو كاسبكارانەی بازاڕی قەیسەری كە دوكانەكانیان سوتاوە، ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك و دەبەخشرێن، هەروەها لە باجی 2023 بە رێژەی 50% دەبەخشرێن و لە باجی 2024 بە رێژەی 100% دەبەخشرێن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گوتیشی "بەفەرمانی سەرۆكی حكوومەت، هەروەها دوكاندارانی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵاش كە دوكانیان سوتابوو، ئەوانیش قەرەبوویان پێ دەدرێت بە بڕی 2 ملیۆن دینار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێك لە باج و پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاكیش دەبەخشرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.