Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 22:00

حەماس: بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە پێویستمان بە پێشنیازی نوێ نییە

کوردستان TV
100%


بزووتنەوەی حەماس ھۆشداری ئەوەی دا کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو بە پێداگیری بە مانەوە لە میحوەری فیلادێلفیا سنووری نێوان کەرتی غەززە و میسر، دەیەوێت شکست بە ھەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان بھێنێت.

بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە پێویستیان بە پێشنیازی نوێ نییە و ڕایگەیاندووە: لەئێستادا، پێویستە فشار بخرێتە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو و حکوومەتەکەی، تاپابەندبن بەو خاڵانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.

ڕۆژانی 2 و 4ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو لە دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندبوو کە بەھێچ شێوەیەک، سوپای ئیسرائیل لە میحوەری فیلادێلفیا ناکشێنێتەوە و بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە بۆ چەندین جار ، چەک و تەقەمەنی لە میحوەری فیلادێلفیاوە، ڕەوانەی بزووتنەوەی حەماس کراوە.

مانەوەی تەل ئەبیب لە میحوەری فیلادێلفیا بە یەکێک لە گرنگترین ھۆکارەکانی پەکخستنی ھەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە دادەندرێت، چونکە بزووتنەوەی حەماس و میسر، مانەوەی ئیسرائیل لە میحوەری فیلادێلفیا ڕەت دەکەنەوە.

ھەروەھا حەماس باسی لەوەش کردووە: بڕیارەکەی ناتانیاھو لەبارەی نەکشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە میحوەری فیلادێلفیا، ئامانج لێی شکستپێھێنانی ئەو ھەوڵانەیە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان خراونەتەگەڕ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.