وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كێشەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بووە و مانگی هەشتیش بەمنزیكانە چارەسەر دەبێت و دابەش دەكرێت.
ئەمشەو یەكشەممە لە ماڵی د. شاخەوان عەبدوڵا لە بەغدا، سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق و بەشێك لە وەزیر و سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبوونەوە.
كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بۆ تاوتوێكردنی كێشە و گرفتە تایبەتەكانی بەردەم پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەنێوان هەرێم و بەغدا.
دوای كۆبوونەوەكە، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە كۆبوونەوەكەدا كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕالی لەبارەی مووچە تاوتوێ كران، هەروەها چارەسەركردن و بەردەوامی دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت و مانگەكانی داهاتوو تا كۆتایی ساڵ خرانەبەرباس.
گوتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا سەرجەم وەزیر و پەرلەمانتاران لەسەرجەم فڕاكسیۆنەكان بەیەكەوە كار بكەن بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچە و نەهێشتنی گرفت و بەربەستەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق.
فوئاد حوسێن هەروەها گوتی: كێشەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بووە و لەمڕۆژانە دابەش دەكرێت، بۆ مووچەی مانگی هەشتیش هەوڵ دەدەین لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا گرفتەكان چارەسەر بێت و ئەویش دابەش بكرێت.
وەزیری دارایی عێراق جەختیشی كردەوە كە هەوڵ دەدرێت كێشە تەكنیكی و هونەرییەكانی دابەشكردنی مووچە لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕال چارەسەر بكرێت، ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەر بوون كە چارەسەریش دەبێـت، ئەوا دابەشكردنی مووچە بەگوێرەی یاسای بودجە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.