Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:32

بەهۆی جیاوازی نرخی دابەشكردنی نەوت سكاڵا لە دادگای باڵای فیدڕالی تۆمار كرا

کوردستان TV
100%

بەهۆی جیاوازیی نرخی ئەو بڕە نەوتەی بەسەر هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دابەش دەكرێ، لە بەغدا سكاڵا لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمار كرا.

دانەر عەبدولغەفار مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كوردستان تیڤی) رایگەیاند: ئەمڕۆ یەكشەممە بە بریكاریەتی 102 هاووڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە بەغدا سكاڵای یاساییمان لە دادگای باڵای فیدڕالی عێراق تۆمار كرد.

راشیگەیاند: سكاڵاكەمان بەهۆی جیاوازیی نرخی ئەو بڕە نەوتە سپییە بووە كە بەسەر هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دابەش كراوە.

هەروەها رایگەیاند: سكاڵاكەمان لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمار كردووە.

دانەر عەبدولغەفار گوتیشی: جیاوازی زۆر کراوە لەنێوان ئەو نرخەی بۆ فرۆشتنی نەوتی سپی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەراورد بەو نرخەی کە بۆ فرۆشتنی نەوت بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی تری عێراق دیاریکراوە.

دانەر عەبدولغەفار گوتیشی: هەر لیترێك نەوت لە پارێزگاكانی عێراق بە 150 دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان، بەڵام هەمان نەوت بە 500 دینار دەدرێت بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

گوتیشی: نەك هەر نرخەكەی، بەڵكو حكوومەتی فیدڕالی جیاوازی لە رێژەی دابەشكردنی نەوتەكەش دەكات، بۆ نموونە پارێزگای كەربەلا كە دانیشتووانەكەی ملیۆنێك و 350 هەزار كەسە، 5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ دابینكراوە، بەڵام بۆ هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) بڕی 5 ملیۆن لیتر دابینكراوە، كە ئەمە جیاوازییەكی یەكجار زۆرە.

ئاماژەشی دا: لە سكاڵاكەدا داوامان لە دادگا کردووە، بڕیار بدات بە نادەستوریبوونی بڕیار و ڕێکارەکانی حکوومەت و وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ.

جەختیشی كردەوە كە هیوادارن بتوانین قەناعەت بە دادگای باڵای فیدڕالی بهێنین و بڕیار لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدات و ببێتە هۆکاری لابردنی ئەم بارگرانییەی لە وەرزی زستان دەکەوێتە سەرشانیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.