وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نەخشەسازیی نوێ بۆ بینای قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بە نەخشەی بیناسازیی ناوەندەکانی خوێندندا دەچینەوە و ئەوەش قوتابخانە 12 و 18 پۆلییەکان دەگرێتەوە".
وەزیری پەروەردە گوتیشی "لەمەودوا هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندن، بە دیزانێکی نوێ دروست دەکرێن، کە سێتێکی تەواوی بیناسازی ئامادەکراوە و بە وردی لێی کۆڵراوەتەوە و لایەنە جیاوازەکانی لەبەرچاو گیراوە. هاوکات هەر وەبەرهێن و لایەنێکی کەرتی تایبەت دەتوانن سوود لەو نەخشەسازییە ببینن کە ئامادەمان کردووە".
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە دا "وەزارەتی پەروەردە هەنگاوی گرنگی لە کەرتی پەروەردە ناوە، وەکو دامەزراندنی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ، 5 هەزار و 88 مامۆستا لە گرێبەستەوە کراونەتە هەمیشەیی؛ هەروەها لەم کابینەیەدا وەرچەرخانێکی گرنگ لە بواری بەدیجیتاڵیکردنی کەرتی پەروەردە کراوە؛ ئەمە کارگێڕیی پەروەردەشی گرتووەتەوە، جگە لە بەرنامەی خوێندن و بڕوانامەکان".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، گرنگی داوە بە ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی مامۆستا و بەڕێوەبەران، گرنگیدان بە منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت، خوێندنی 60 هەزار قوتابیی پەنابەر، هاوکات ڕێژەی نەخوێندەواری 8٪ کەم کردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.