بە سەرپەرشتی سەرۆك مهسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمرۆ پێنجشەممە 29/8/2024 كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونهوه به ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمیشه لهیاد دهستی پێ كرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕ كرا لەسەر کۆمەڵێک بابەتە هەنووكەیی و گرنگ، هەروەها بڕیارى پێویست وەرگیرا بۆ ئەو بابهتانەى کە پێویست بوون و، ئەم تەوەرانەى خوارەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:
یەكەم: تەوەرى سیاسى و پەیوەندییەکانى پارتیمان:
بارودۆخى ناوچەکە بەگشتى و عێراق بەتایبەتى خرایە بەرباس، ڕووداوە گرنگە کاریگەرەکان لەسەر بوارە جیاجیاکانى سیاسى، سەربازى، ئابوورى ناوچەکە، وەکو توخمێکى گۆڕانکارى، تێکچوونى هاوکێشەکان یاخود دروستبوونى هاوپەیمان نوێیان لێدەکەوێتەوە، عێراقیش وەکو بەشێک لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوى بوارەکانى ژیانى خەڵکەکەى هەیە و، پەرەسەندنى ئاڵۆزییەکانیش نیگەرانى زۆرى دروستکردووە. پارتیمان بە بڕوابەخۆبوونەوە لەو نێوەندە دا، زۆر بە وریایى و وردبینى هەنگاو دەنێ بۆ پاراستنى بەژوەوەندییە باڵاکان و قەوارەى هەرێمى کوردستان، لەم ڕوانگەیەوە تەواوى پەیوەندییە ناوخۆیى و هەرێمى و نێودەوڵەتیەکانى لە خزمەتى ڕەواندنەوەى مەترسییەکان و هەوڵدانە بۆ دابینکردنى ئاسایش و دوورخستنەوەى دەرهاویشتە خراپەکانى ئەو ئاڵۆزییانەیە لە هەرێمى کوردستان.
دووەم: تەوەرى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ:
کێشە و گرفتەکانى نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ کە دەبوایە بەگوێرەى دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسى و ئیدارییەکان چارەسەرکرابان، لە سەروویانەوە بابەتى مووچەى فەرمانبەران و بودجەى هەرێمى کوردستان، کە چەندین ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام لەلایەن حکوومەتى فیدراڵى عێراق وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و لە ئاکامى بەردەوامى چارەسەرنەکردن و لانەدانى ئاستەنگەکان، خەڵکى کوردستان بەگشتى و مووچەخۆران بە تایبەتى تووشى نیگەرانى بوون و زیانیان پێگەیشتووە. کۆبوونەوە جەخت لە جێبەجێکردنى دەستوور و رێککەوتنەکان دەکاتەوە و، هانى حکوومەتى فیدراڵى دەدات بۆ بەخەمەوە بوونى ئەم بابەتە و چیتر ئەم بابەتە دوانەخرێت و، وەکو ئەوەى کە بریارى لەبارەوە دراوە مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان لە کاتى خۆیدا ڕەوان بکرێت.
سێیەم: تەوەرى پەیوەندییە ناوخۆییەکان:
كۆبوونهوه، ئارامى وەکو چەمکێکى پڕواتا و پێویستییەک بەتایبەت بۆ قۆناغى ئێستاى هەرێمى کوردستان دەزانێت، ئارامى و یەکترقبووڵکردن بە هەبوونى جیاوازییەکانیشەوە چ لە ڕووى نەتەوەیى یان ئاینی و ئاینزایى یاخود سیاسى، هۆکارن بۆ ئاوەدانى و پێشکەوتن و دابینکردنى ژیانێکى خۆش و شایستە و، تەبایى دروستدەکات و، پێکڕا و پێکەوە بەرەو ئاوەدانى هەنگاو دەنرێ، لەم کەشوهەوایەشدا خۆڕاگرى لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان و پیلانى ناحەزان بەهێزتر دەبێت، بۆیە کە هەرێمى کوردستان هەڵبژاردنى لەپێشە لە هەموو کات پێویستترە لە سەر بنەماى پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکان و دەستکەوت و مافەکانى گەلەکەمان و، پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکان و قەوارەى هەرێمى کوردستان یەک هەڵوێست و تەبابین، کەلێن دروستنەکرێت کە لێیەوە ناحەزان و دژ بە مافەکانمان سوود وەرگرن و زیان بە هەرێمى کوردستان بگات. جیاوازییەکانمان نابێ لەسەر حیسابى قەوارەى هەرێم و دەسەڵاتە دەستوورییەکانى و ماف و بژێوى ژیانى خەڵکى هەرێم بشکێتەوە، گەل و نیشتمان لە پێشتر و پیرۆزترن لە جیاوازییەکانمان.
چوارەم: تەوەرى دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێم:
بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى مێژوویى، هەروەها لە ڕوانگەى ئەوەى کە ئەم دامەزراوانە لە ئاکامى خەبات و تێکۆشانى خەڵکى کوردستان و، بەرگرى و خۆڕاگرى پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنى شەهیدان و پشتیوانى جەماوەرى کۆڵنەدەرى کوردستان بەدى هاتوون، هەروەها ئەم دامەزراوانە وەکو میکانیزمى هێشتنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانن بە یەک پارچەیى، کۆبوونەوە پشتیوانى خۆى بۆ سەرۆکایەتى هەرێم و حکوومەتى هەرێم دووپات دەکاتەوە و، پشتیوانى هەنگاوەکانیان دەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، هەروەها بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
پێنجەم: تەوەرى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان:
ئاماژە بە بڕیارى کۆبوونەوەى پێشووى کۆمیتەى ناوەندی بۆ جێبەجێکردنى پەیڕەوى ناوخۆى پارتیمان، هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى هەیکەلى ڕێکخستنى پارتیمان لە سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک و سلێمانى و بەشێکى کەرکووک و گەرمیان ئەنجامدرا، هەڵبژاردنەکانى ئەو ئۆرگانانە بە سەرکەوتوویى کۆتاییان هات، تەواوى کادیرانى بەشدار لەم پڕۆسەیەدا کوڕ و کچى پارتى و ڕێبازى بارزانین، هەموو ئەرک و مافێکیان لەبەرچاو دەبێت. لە لایەکى دیکەوە کۆبوونەوە جەختى لە بەپیرەوەچوونى داواکارى و پێشنیارەکان کردەوە، هەروەها کۆبوونەوە دەستخۆشى ئاراستەى لیژنەى تایبەتمەند و کادیرانى بەشداربووى بەئەنجام گەیاندنى ئەو پرۆسە گرنگە کرد.
شەشەم: تەوەرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان:
دوابەدواى ئەو ئاستەنگە زۆرانەى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دروستکران، کە لە ئاکامدا پرۆسەکە ڕووبەڕووى گرفت و کێشەى زۆر بۆوە و، هەوڵێشدرا پرۆسەکە بە ئاراستەیەکدا بچێت کە بە سوودى هەرێمى کوردستان بەگشتى و پێکهاتەکان بە تایبەتى نەبێت، لە کۆتاییدا بە هەوڵ و کۆششى زۆر، بەشێک لە لادان و بى بەشکردنەکان چارەسەرکران و بڕیارە لە 20/ 10/ 2024 هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کۆبوونەوە جەختى لە بەڕێوەچوونى پرۆسەیەکى پاک و بێگەرد کردەوە و، داوا لە خەڵکى کوردستان دەکات بۆ پڕکردنەوەى بۆشایى دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێریکردن و، هەڵبژاردنى پەرلەمانێکى کارا کە لە ئاست چاوەڕوانى و خواستى خەڵکى کوردستان بێت، بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.
حەوتەم: گفتوگۆى هەڤاڵانى بەشداربووى کۆبوونەوە:
هەڤاڵانى بەشداربوو لە کۆبوونەوە، بیروڕایان لە بارەى کار و ئەرکە ئەنجامدراوەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن و هەنگاوەکانى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن و ڕێکارە پێویستەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن دەربڕى و پێشنیارى باش و گونجاو و بەسوودیان بۆ داهاتوو خستە ڕوو.
کۆبوونەوە لە کەشێکى ئارام و هەڤاڵانەدا بەڕێوەچوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.