ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.8.22، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە داڕشتنى پلان و ئامادەکاری تایبەت بە بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە ئامادەبوونى بەرپرس و ئەندامانى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکان بۆ سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جەختى لە ئامادەباشی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانی ناوخۆ و گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست کردەوە بۆ بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژى دەنگدان کە 20ى مانگى 10ى ئەم ساڵ دیاریکراوە.
هیواشی خواست بەزمینە ڕەخساندن بۆ سەرجەم لایەنەکان لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و پابەندبوونیان بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت و روویەکی گەشی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان نیشانبدات، وەک پارێزگای هەولێریش، تەواوی پاڵپشتی و هاریکاری بۆ نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپاتکردەوە.
لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگرى شارستانى، تیمە تەندروستییەکان) کرد، لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و بەرقەراکردنى یاسا و نەهێڵانى دیاردە ناشارستانى و دزێوەکان و تەئکیدى لە پتەوکردنى ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەى نێوانیان کردەوە.
پاشان تیشک خستەسەر، چڕترکردنەوەی هەڵمەتەی نەهێڵان و دەستگیرکردنی ئەو ئافرەت و منداڵ و مێردمنداڵانەی، کە بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە شارى هەولێر هەن و لە ترافیكلایتەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن.
پارێزگاری هەولێر، هەروەها تەئکیدی لە سەر ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان بۆ سەر موڵکی گشتیی کردەوە و لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان و پاراستنی ژینگەی شاری هەولێریش، دووپاتی لە سەر بڕیاری سزادان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیا و پاڵاوگە و خاوەن مولێدە و ئۆتۆمبێلانە کردەوە، کە لە ماوەى ڕابردوودا ڕەچاوی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێریان نەکردووە.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر وەک هەمیشە سوپاسى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگ بوونە لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە حکومى و هێزە ئەمنیەکانى ناوخۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.