ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدهگهێنێت: عێراق نایەوێت ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بەڵام ھێشتان پێویستیان بە نەوتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە تەنیا یەک ڕێگەیان بۆ ھەناردەکردنی نەوت ھەیە، بۆیە جگە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ڕێگەی دیکە نییە.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگهیاند: حکوومەتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی پێویستە ئێمە ھەناردەی بکەین، ئەوان لە نەوتی خۆیان ھەناردەی دەکەن، ئەوەش لە یاسای بوودجەدا ھاتووە، عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 70 ترلیۆن دینار کورتھێنان لە بوودجە ھەیە، تا ئێستاش کێشەی گەورە لە نێوان عێراق و ئۆپیک ھەیە بەھۆی ئەوەی عێراق پابەندی ئەو بڕە نییە کە بۆی دیاری کراوە کەم بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەڵێن "نابیت بەرھەمھێنانی نەوت لەوە زیاتر بێت لە عێراق چونکە ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق چوار ملیۆن و 600 ھەزارە، ئەمە سەرووی ئەو ڕێژەیەیە بۆ عێراق دیاریکراوە، ملیۆنێک بەرمیل زیادە کە عێراق ملیۆنێک بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکاردێنێت بۆ بەنزین و سوتەمەنی دیکە، بۆیە گرینگە بەھۆی ئەو بڕیارەوە بەرھەمھێنان کەمبکاتەوە"، ھەربۆیەش عێراق خەم ساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنیا نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە.
دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: عێراق نایەوێت 400 ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی کەم بکاتەوە و لە ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت، پێیان وایە تێچووی نەوتی خۆیان کەمترە، بۆیە لە دوایین دانیشتن لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر چەند پرەنسیپێک بڕیاردرا گۆڕانکاری لە گرێبەستەکاندا بکرێت، ئەوان باسیان لەوە کرد، پابەندن بە بڕیاری دیاریکراو کە لە بوودجەدا ھاتووە کە تێچووی ھەر بەرمیلێک ناگاتە 10 دۆلار، کەچی کۆمپانیاکان دەیانەوێت لە 20 دۆلار کەمتر نەبێت و تێچووی ھەر بەرمیلێکیش بۆ گواستنەوە شەش دۆلار بێت، بۆیە ئەوە ماوەتەوە و پێویستە یەکلایی بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی نابێت ھیچ وڵاتێک تەنیا پشت بە یەک ڕێگای ھەناردەکردنی نەوت ببەستێت، ئەویش تەنیا لە ڕێگەی بەسڕایە و پێویستە لە ڕێگەی تورکیاش دەست پێبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێک ھەبێت ڕێگای دیکەمان ھەبێت، بۆیە عێراق بە ئەنقەست دوای دەخات و پێیان خۆش نییە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.