جه‌مالی ده‌لاك
ئەی بەندیخانە تاكەی ئەمێنی
لاوانی گەلمان لەناو خۆت ئەچێنی...!
لە شۆڕشه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی گه‌لی كورد دژ بەداگیركەران و ناحەزان و دوژمنانی كوردستان، هاوشانی پێشمەرگە قاره‌مان و نه‌به‌رده‌كانی كوردستان، نووسەران و ڕۆشنبیران و شاعیران و هونەرمەندان وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەرەی گەلە چەوساوەكەیاندا تێكۆشاون و خه‌باتیان كردووه و، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری یان خوڵقاندووە، بە خامە و هەستی بەرزیان ئەدەبی بەرگرییان باڵاتر كرد و هونەرمەندانیش بە گەرووی كوردانەیان هونەری بەرگریی گەلی كوردی‌یان پتەوتر و بەجۆشتر كردووە، لە هەموو قۆناغەكانی شۆڕشی كورد هونەرمەندانی ژەنیار و دەنگبێژ و سروودبێژ لەناو تیپە مۆسیقییەكان بەوپەڕی دڵسۆزیی و كارامه‌یی و لەخۆبووردوییەوە بێ‌وچان كاری هونەرییان ئه‌نجامداوه.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكێك بخەمە سەر سروودی (ئەی بەندیخانە)یه، بەڵام بەرلەوەی بچمە سەر باسەكەم لەنێو هونەری بەرگری نەتەوەكەماندا گەلێك سروود و مارش تۆماركراون كە هەریەكەیان بۆ سەردەمی خۆیی و تەنانەت ئێستاش گرنگی و بایه‌خی خۆیی و هەریەكەیان پاشخانێكی هەیە كە پێویستە ئاماژەیان پێبدرێت و بیانكەینە دیكۆمێنت و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی سرووددا سوودی لێوه‌ربگیرێت.
لە سەرەتای ساڵی 1984 لە ڕێی تۆمارگای (پیرۆزە) لە شاری سلێمانی گوێبیستی سروودێك بووم بەناوی (ئەی بەندیخانە)، لەگەڵ یەكەم بیستندا ئەو سروودە لە ڕوویی تێكست و میلۆدی و دەنگەوە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیسەر دادەنا، لەبەر گرینگی سروودەكە و كاردانەوەی تێكستەكە لەسەر ناخ و هەستم، لەخاوەن تۆمارگام پرسیی ئەو سروودبێژە كێیە؟ بەداخەوە هیچ زانیاری لەسەر نەبوو و تەنیا گوتی ئەوە كاسێتێكە هەمووی سروودە بەناوی (تیپی هونەری چەوساوەكان) بۆم هاتووە و بڵاوی دەكەمەوە، ئەو پرسیارە بێ وەڵامەم لەلا مایەوە تا دوای ڕاپەڕین، زیاتر كەوتمە دوای وەرگرتنی وەڵامەكەم تا بۆم ڕۆشن بۆوە ئەو سروودبێژە هونەرمەند و پێشمه‌رگه (لالۆ ڕەنجدەر)ی ئازیزە و لە نزیكەوە بەخزمەتی گەیشتم، بە پێویستم زانی كە بكەومە دووی و زانیاری زیاتر لەسەر ئەو سروودە وەدەست بهێنم و لە نزیكەوە هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕەنجدەر بدوێنم و چەند پرسیارێكی ئاراستە بكەم، بەوپەڕی لوتفەوە وەڵامی دروستی پێ بەخشیم سەبارەت بە سروودی ئەی بەندیخانە.
بەندیخانە ئەو شوێنە ئازاربەخشەیە كە داگیركەرانی كوردستان سیخاناخیان كردبوو له ڕۆڵه تێكۆشه‌ره‌كانی گه‌لی كورد، دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌م به‌ندیخانه‌یان بۆ كەسانی تێكۆشەر و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ دروستكردووە و ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە شوێنی ئازاردان و شەهیدكردنی سەدان لە ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمانە بەدەستی جەللادە خوێنمژەكانی داگیركەر.
سروودی بەندیخانەش باس لەو ئازارە دەكات كە ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان لە زیندانەكانی بەعسدا بەدڕندەترین شێوە ئازار دەدران و قارەمانانە ڕووبەڕووی جەللادەكان دەبوونەوە.
دكتۆر عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف به‌و شێوه‌یه باس له سروودی به‌ندیخانه ده‌كات:
ئه‌م سرووده باس له دڕنده‌یی و خوێنخۆریی جه‌للاد و ژووری تاریكی به‌ندیخانه و ئازاردانه‌كانی زیندانی ده‌كات، له‌گه‌ڵ سروودی (بووكی ئازادیی)ی (قانع) لێك نزیكن و به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی دوژمن، زیندان نه‌ك زیندانییه خاوه‌ن باوه‌ڕه‌كان نابه‌زێنێت، به‌ڵكو ده‌بێته هه‌وێنی ڕاپه‌ڕین و مه‌رگی زۆرداران، ئه‌م وشه و ئاوازه پڕ له هیوایانه، مرۆڤ هان ده‌دات به گه‌شبینیی بڕوانێته دواڕۆژ و له‌وپه‌ڕی وره به‌رزییه‌وه به‌ره‌نگاریی دژوارییه‌كانی ڕێی گه‌یشتن به‌ئازادیی ببێته‌وه) (1).
ئەگەر خاوەنی تێكستی سروودی بەندیخانە خۆی قوربانییەكی ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە نەبووبێت بێگومان ئەو هەستە بەرزە شۆرشگێڕییە و هیوا بەدواڕۆژی ڕۆشن و پرشنگداریی گەلەكەی نەبووبێت ناتوانێت لەزیندانەوە ئەو هۆنراوە بەرزە بنووسێت و ڕۆژێك بێت بە گەرووی خۆی بیچڕێت.
بۆ ئەو مەبەستە لەلالۆ ڕەنجدەری سروودبێژم پرسیی، دەكرێت بزانین تێكست و ئاوازی سروودی بەندیخانە هی كێیه و ساڵی چەند و لە كوێ تۆماركراوە؟
لالۆڕەنجدەر: من هەروەك تاكێكی نەتەوەكەم هەمیشە خەمم لەوە دەخوارد كە بۆ دەبێت نەتەوەكەم خاوەنی ئەو هەموو جوانیەیە، خاوەنی وڵات و ئاڵا و زمان و فەرهەنگ و كەلتووری خۆیەتی، بەڵام بەشمان داگیركاری و سەركوتكردن و زیندەبەچاڵكردن و لاوەكانمان لە ژوورە تاریكەكانی زیندان توند دەكرێن، بەهەرحاڵ ساڵی 1977 لە هەیئەی كه‌ركووك زیندانی بووم و لەژێر ئازار و ئەشكەنجەی جەللادەكانی بەعس شانیان شكاندم و ئازارێكی زۆرم چەشت، بەڵام لەبەرئەوەی لەژێر ئەو هەموو فشارە دەروونی و جەستەییەدا هیچم نەدركاند و لە كۆتایی هەمان ساڵدا ئازاد كرام، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم لە دوای شكاندنی شانم كەوتمە خەیاڵی ئەوەی لە ناخی پڕ ئازارمەوە شتێك بۆ ئەو چوار دیوارە پڕ ئازارە كە پێی دەوترێت بەندیخانە بنووسم، بەڵی لە زیندان ئەو هۆنراوەیەم نووسی.
دوای ئازادبوونم لە ساڵی 1978 پەیوەندیم كرد بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم پۆشیی و لەگەڵ برا و هاوڕێ پێشمەرگەكانم بەردەوام لە جەولەدا بووین لە ناوچە ئازادكراوەكان و بەردەوام بەدەم ڕێوە سروودە نەتەوەیی و شۆڕشگێرییەكانم دەوت، بەگشتی و بەتایبەتی سروودی ئەی بەندیخانە.
تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان كێ بوون؟
دكتۆر عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف، ئه‌و تیپه هونه‌رییه به‌و شێوه‌یه پێناسه ده‌كات و نووسیویه‌تی: تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان له ساڵی 1982 له چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی هونه‌ر دۆست پێكهاتبوو، به پێچه‌وانه‌ی تیپه‌كانی دیكه، ئه‌م تیپه گه‌ڕۆك بوو و له گونده ئازادكرا‌و و دووره ده‌سته‌كانی ڕژێم چالاكی هونه‌رییان ئه‌نجام ده‌دا، یه‌كێك له چالاكییه‌كانی یان كۆتایی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیان به سروودی شۆڕشگێڕانه ده‌ڕازانده‌وه و سروودبێژ (لالۆ ڕه‌نجده‌ر) داینه‌مۆ و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م تیپه بوو، سروودهكانیان ئاوێته‌بوو له ده‌ربڕینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی، ئازادبوون له‌دانان و گوتنی جۆری سرووده‌كان) (2).
هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ریش گه‌واهی ده‌دات و ده‌ڵێت: لە ساڵی 1982 لە گوندی بالیسان بۆ یەكەمجار لەگەڵ (تیپی هونەری چەوساوەكان) كە تیپێكی هونەری بەرگریی گەڕۆك بووین لەوێ تۆمارم كرد، واتە هۆنراوەی (ئەی بەندیخانە) هۆنراوەی منە و دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵیم كە دوو كۆپلەی سروودەكە (شەهید شەماڵی باخ) بۆی زیاد كرد، ئەویش دەرئەنجامی ئەو زامە پڕ سوێیە بەو ڕووحە پڕ ئازارەوە كە (دكتۆر ڕێبازی) برای بەدیل گیرا و لە قەسابخانەكەی مووسڵ لەسێدارەدرا، شەهیدكردنی براكەی ببووە هەوێنی ئەو دوو كۆپلەیە، دووبارە لە ساڵی 1983 لەگەڵ هەمان تیپ، لە گوندی (گۆپتەپە)ی دەشتی كەركووك تۆمارمان كردەوە و بە باشی بڵاوكرایەوە.
سەبارەت بە میلۆدییەكەی دەبێت ئەوەش بڵیم كە من سوودم لە گۆرانییەكی هونەرمەندی خۆشەویست كاكە (حەسەن گەرمیانی) وەرگرت، گۆرانییەك بەناوی (زەردەی دەم كەل) و هەندێك دەستكاریم كرد و ئاوازی ئەو گۆرانییە هی هونەرمەندی ژەنیاری گەورە مامۆستا (خالید سەركارە).
دوای ئەوەی كە لە زاری هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەرەوە ناوی مامۆستا خالید سەركارم بیست، ڕاستەوخۆ پێوەندیم به مامۆستا و هونه‌رمه‌ند خالید سه‌ركاره‌وه كرد، سەبارەت بەو ئاوازە و له وه‌ڵامدا فەرمووی، بەڵێ ئەوە ئاوازی منە و لە ساڵی 1973 لەسەر هۆنراوەی زەردەی دەم كەل دامنا و دەبێ ئەوەش بۆ ئێوە ڕوون بكەمەوە ئەو هۆنراوەیە هۆنراوەی بەڕێز (فەتاح كەریم)ـە كە ناسراوە بە (كاوە) كە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بوو، دواتر هونەرمەندی خۆشەویست كاكە حەسەن گەرمیانی زۆر بەجوانی خوێندی و بووە جێی سەرنج و ڕەزامەندی گوێگرانی دەنگی كاك حەسەن گەرمیانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی.
دووباره پرسیارم ئاراستەی هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر كردەوە، گوتم ئێوە بە دەنگە پڕ جۆشەكەتان ئەو سروودە و چەندین بەرهەمی سروودی ترتان لەگەڵ ئەو تیپە مۆسیقییە تۆمار كرد، ئایا ناوی هونەرمەندە ژەنیارەكانت لەیاد ماوە؟ پێم باشە خوێنەران لەلایان ڕۆشن بێت ئەو دەست و پەنجە زێرینانە بەو هەستە نیشتمانیی و كوردانەوە لە ناوچە ئازادكراوەكان هاوكارتان بوون بزانێن كێن؟
من لێرە جارێكی تر سپاس و ستایش و ڕێزم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندە ژەنیارە خۆشەویستانە لەو ڕۆژگارە سەختەدا هەموو كات هاوكارمان بوون دەست و پەنجەو هەستی بەرزی هونەری ئەوان بوون كە ئێمەیان زیاتر هان ئەدا بەردەوام بین و كاری نوێ بخوڵقێنین، هەروەها سوپاس و حورمەت بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی هاوكارمان بوون، ئەوەی لەیادم مابێت ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانە لەگەڵماندا كاری هونەرییان دەكرد بە تایبەت لە سروودی بەندیخانەدا (مامۆستا مەجید خۆشناو ژەنیاری كەمان بوو، مامۆستا قەمبەر ژەنیاری كەمان، سیار بامەڕنی ژەنیاری گیتار، مامۆستا محەمەد ژەنیاری گیتار خەڵكی شارۆچكەی دوكان بوو و هەروەها هەندێك ژەنیاری خۆشەویست و بەتوانا كە بەنهێنی لە شاری سلێمانییەوە هاتبوون بۆ ئەو كاتە نەیاندەویست ناویان ئاشكرا بكرێت)، وە ئەوەی لەیادم ماوە لەو سروودە و سروودەكانی تردا كۆرسمان لەگەڵدا بوو (شەهید سەردار و شەهید كامەران و چەند پێشمەرگەیەكی تر بوون)، بە داوای لێبوردنەوە كە ناتوانم ناوی هەموویان بهێنم، چونكە تەمەن هەڵكشاوە و لەیادم نەماون و دەبێت بە گەورەیی خۆیان بمبەخشن.
نزیكەی 44 ساڵ بەر لە ئێستا ئەو هۆنراوەیە له ژووره تاریك و پڕ ئازاره‌كانی زیندانی بەعسدا نووسراوە، لەوپەڕی ورەبەرزی و هیوا بەخۆبوون و دڵنیابوون لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی بەو گەشبینییەوە شاعیر دەنگ هەڵببڕێ و پڕ به‌گه‌رووی هاوار بكات و بڵێ:
بێشك بزانە ئەی بەندیخانە
ئەتكەین بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە
لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو شوێنانەی پێش ڕاپەڕین جێی ئازار و ئەشكەنجەدان و شەهیدكردنی ڕۆڵە چاونەترس و قارەمانەكانی ئەم گەلە بوون وەك، حامیەی سلێمانی، ئەمنە سوورەكە و سجنی گەورەی سلێمانی (پاركی دایك) و شوێنی ئێستای پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و بێگومان لە شاری دهۆكیش، بەداخەوە یەك كۆپلە لەو سروودە وەك تابلۆیەك دانەنراوە تا نەوەی نوێ بزانن كە ڕۆژگارێك بوو ئەم شوێنانە جێی ئازاردان و ئەشكەنجەدانی شۆرشگێڕان و ئازادیخوازن بووە و ئێستا لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و ڕاپەڕینی قارەمانانەی گەلەكەمان بۆتە شوێنی پشوودان و ئارامكەرەوەی ڕووحی ئینسانەكان، لالۆی هونەرمەندیش هاوڕای بۆچوونەكەی من بوو گوتی:
كاتێك ئەو هۆنراوەیەم نووسی لەو شوێنانەی تۆ ئاماژەت پێدان، ڕۆژانە گەنج و لاوی كورد لەلایەن جەللادەكانی بەعسەوە ئازار و ئەشكەنجە دەدران و شەهید دەكران و خۆشم یەكێكم لەو قوربانییانە و لە زینداندا ئەو بیرۆكەی نووسینی هۆنراوەیەم لەلا دروست بوو، كەچی بەداخەوە تا ئێستا لە هیچ شوێنێك لەو باخ و پاركانە تەنها یەك دێڕی ئەو هۆنراوەیەی من بەرچاو ناكەوێ، هەر كات بیری لێ دەكەمەوە هەست بە ناهەقییەكی زۆر دەكەم كە بەرامبەرم دەكرێت و دڵنیاش بن بێدەنگییەكەم تەنیا بۆ ئەو ڕەوشتە بەرزەی كورد و كوردستان پەروەرییەم دەگەڕێتەوە.
تا داگیركەرانی كوردستان بوونیان هەبێت و تا زیندان و بەندیخانەكانی دوژمنه خوێنمژ و دژە مرۆڤەكانی كوردستان لێوڕیژ بن لە مرۆڤی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كورد، سروودی ئەی ڕەقیب و سەرجەم سروودەكانی تر بە گشتی و سروودی بەندیخانە بەتایبەتی هەردەمێنن و بەردەوام لە گەرووی هونەرمەندانی سروودبێژ و گەنج و لاوی كورد بە كوڕ و كچەوە و بە دەنگی بەرزی میلـلەتێكی ماف خوراو هەر دەوترێتەوە و دەدرێت بەگوێی ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان.
كورته‌یه‌ك له ژیانی پێشمه‌رگه و هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر...!
ناوی (ڕه‌نجده‌ر مسته‌فا عاسی)یه له ساڵی 1956 له خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری شاری كه‌ركووك چاوی به تاڵی و شیرینه‌كانی ئه‌م ژیانه پڕ مه‌ینه‌تی و كوێره‌وه‌رییه هه‌ڵهێناوه.
وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی له شاری كه‌ركووك ساڵی 1962 خراوه‌ته به‌ر خوێندن، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌و شاره ته‌واوكردووه، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه كه شاره دێرینه‌كه‌ی كوردان كه‌ركووك به‌هۆی سیسته‌مه یه‌ك له‌دوای یه‌كی حوكمڕانانی عێراقه‌وه پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ و دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌میشه چه‌وساونه‌ته‌وه و زوڵمیان لێ كراوه و به‌هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی (نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی)دا، هه‌ستی گڕگرتووی دانیشتووانه‌كه‌ی وه‌ك بڵێسه‌ی بابه‌گوڕگوڕ به‌رده‌وام له خرۆشان و قوربانیدان و لهمهتهرێزی به‌رگریدابوون تا شاره‌كه و هه‌سته نهتهوایهتییهكهیان بپارێزن، ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه و ڕۆحه به‌رنگاربوونه‌وه‌یه له‌ناخی لالۆدا له یه‌كه‌م ساته‌كانی هه‌ست به‌خۆبوونه‌وه چرۆی كردووه و هه‌روه‌ك خۆشیی ئاماژه‌ی پێ ده‌كات و ده‌ڵێت: شەهید دایە نەزمی دایكم گەورەترین قوتابخانەی من بووە، هەمیشە بە ڕۆحێكی نەتەوەییەوە منی پەروەردە كردووە، قسەكانی ئەو ئێستەش لە گوێم‌دا دەزرینگێتەوە و بەوپەڕی پیرۆزییەوە دەیانڵێمەوە، هەروەها یەكێك لە گوتەكانی شەهید دایە نەزمی دایكم ئەوەبوو كە دەیگوت (هەر میلـلەتێك دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەبێت ماڵەكەی لەژێر ڕەشماڵێكی دۆم و قەرەجەكاندایە، هەر ڕەشەبایەك هەڵبكات كەلوپەلەكانی فڕێ دەداتە ئەم گۆڕەوە)، بۆیە منیش لەژێر كاریگەری دەیان و سەدان گوتەی دایە نەزمیدا پەرەم بە بیری نەتەوەیی خۆم داوە) (3).
له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا، واته ساڵی 1974 وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌م نیشتمانه لالۆ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌ر پێوه‌ندی ده‌كات به شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه، له دوای نسكۆی ساڵی 1975 ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری كه‌ركووك و بۆ مه‌به‌ستی درێژه‌دان و دابینكردنی بژێوی ژیان ده‌بێته كرێكار و ڕۆژانه هێز و وزه‌ی جه‌سته‌ی ده‌فرۆشێت له‌به‌رامبه‌ر ناندا.
به‌ڵام ڕۆژانه ئه‌و سته‌م و داگیركاریی و زوڵمه‌ی پیاوانی به‌عس به خه‌ڵكی شاری كهكووكی ده‌كه‌ن، ئه‌وانه له ناخی هونه‌رمه‌نددا كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و ده‌بێته ڕقێكی پیرۆز به‌رامبه‌ر به دوژمن، له ساڵی 1977 له‌لایه‌ن چهتهوڵهكانی ڕژێمی به‌عسی فاشسته‌وه قۆڵبه‌ند ده‌كرێت و ده‌خرێته نێو ژووره تاریكه‌كانی زیندانه‌وه ته‌نها تاوانی كوردبوون بووه..!
له ساڵی 1978 ئازاد ده‌كرێت و خۆیی ده‌گه‌یه‌نێته ناوچه ئازادكراوه‌كان و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌پۆشێت و له‌نێو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان ده‌بێته پێشمه‌رگه، له پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌ست به خوێندنه‌وه و نووسین و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ست به سروود خوێندن و گۆرانی ڕامیاری ده‌كات.
له كاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا له ساڵی 1983 له‌گه‌ڵ خاتوو (خه‌رامان) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێ و ده‌بنه خاوه‌نی كوڕ و كهنیشكهیهك به‌ناوه‌كانی (ئارام و ده‌ریا).
هونه‌رمه‌ند له شاخ جیا له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك، له هه‌مانكاتیشدا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی پێشمه‌رگه درێژه‌ی به تێكۆشانی هونه‌ری داوه وه‌ك سروودبێژ و ئه‌كته‌ری شانۆگه‌ری له ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستاندا.
ناوی (لالۆ) بۆ بۆته پێشگری ناوهكهیی و به لالۆ ڕه‌نجده‌ر ناسراوه...؟
هونه‌رمه‌ند له ساڵی 1980 وه‌ك ئه‌كته‌رێك به‌شداری ده‌كات له شانۆگه‌رییه‌ك به‌ناوی (لالۆ)، له‌و شانۆگه‌رییه‌دا ڕۆڵی كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌بینێ به‌ناوی لالۆ، له‌و ساته‌وه ناسناوی (لالۆ) ده‌بێت پێشگری ناوه‌كه‌ی.
له ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 وه‌ك تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری كه‌ركووك و به زێد و نیشتمان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خۆشییكهی به‌رده‌وام نابێت و به‌هۆی تۆپبارانی ڕژێمی به‌عسه‌وه، تۆپێك به‌ر ماڵی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه لالۆ ڕه‌نجده‌ر ده‌كه‌وێت و كاره‌ساتێكی خوێناوی ڕوو ده‌دات، ئه‌ویش به‌شه‌هیدبوونی (دایك و هاوسه‌ر و كچ و خوشكه‌كه‌ی).
دوای ئه‌و كاره‌ساته تراژیدیایه و ژیانه لێوڕیژ له هه‌وراز و نشێوه، هونه‌رمه‌ند ڕق ئه‌ستوورتر و به‌په‌رۆشتر ده‌بێت كه له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌رده‌وام بێت و كۆڵ نه‌دات.
له ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ خاتوو (تانیا) ژیانی هاوسه‌ری پێك دێنێته‌وه، به‌رده‌وامی ده‌دات به ژیان و كاره هونه‌رییه‌كانی، هونه‌رمه‌ند ئێستا له شاری هه‌ولێر ده‌ژی و خاوه‌نی چه‌ندین سروودی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه (بۆ ده‌بێ، هه‌ستن ئه‌ی لاوه‌كان، بۆ دوژمنی گه‌وج، ڕابن ڕابن، كه‌ركووك، به‌ندیخانه و نه‌ورۆز...تاد).
شه‌هیدان نه‌مرانی مێژوون، دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه و هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان.
تێكستی سروودی ئەی بەندیخانە...
ئەی بەندیخانە تاكەی ئەمێنی
لاوانی گەلمان لەناو خۆت ئەچێنی
وابووی بە ژووری قووڵ و تەنگ نەفەس
لەبۆ میللەتی هەژار و بێكەس
دیوارەكانت هەروەك پۆلایە
ژوورەكەت تاریك وا بێ چرایە
لێدانی قامچی نانی شەومانە
پەتی سێدارە لەگەردنمانە
ئێش و ئازاری برینداری بەند
هەڵئەگیرسێنێ ڕاپەرین و جەنگ
ڕاپەڕینێكی شۆرشگێڕانە
بۆ نەهێشتنی ئەو فاشستانە
بێشك بزانە ئەی بەندیخانە
ئەتكەین بە جێگەی گوڵ و ڕەیحانە
تێك ئەدەین دەرگا و دیوارەكانت
پەت ئەخەینە مل جەللادەكانت
جه‌مالی ده‌لاك 28/5/2021 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه: (1) كتێبی سروود و گۆرانی نیشتمانی و به‌ره‌نگاریی كوردی له كرمانجی خواروودا، لاپه‌ڕه (214)
(2) سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لاپه‌ڕه (212)
(3) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر، گه‌رمیان گلی 7/8/2019، سایتی وشه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.