سەرۆكکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کە زۆرینەی موحافزکارانن هاریکاریی و پشتیوانی حکوومەتەکەی بکات.
پێش دەنگدان و بەخشینی متمانە بە 19 کاندیدی وەزیر لە پەرلەمان کە پێشنیاری کردووە بۆ کابینەی حکوومەتەکەی، پزیشکیان پەیامێکی ئاڕاستەی پەرلەمانتاران کرد.
پزیشکیان باسی لەوە کرد کە بۆ هەریەک لەو کاندیدی وەزیرانەی پێشکەشی کردوون، ڕاوێژی لەگەڵ باڵایترین کەسایەتییەکانی وڵاتدا کردووە بە ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەییشەوە، ئەوەیشی خستەڕوو کە ڕەزامەندی خامنەیی بەدەستهێناوە بۆ لیستی ناوی وەزیرانی کابینەی حکوومەتەکەی، بەتایبەتی بۆ جێگری پێشووی وەزیری دەرەوە، عەباس عراقچی کە کاندیدی کردووە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە.
مەسعود پزیشکیان داوای لە پەرلەمانتاران کرد بەبێ کەموکوڕی دەنگ بە کابینەی حکوومەتەکەی بدەن و، ڕایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ لەم قۆناغە مێژووییەدا پێویستمانە یەکێتیی و هاوئاهەنگیی ناوخۆییە.
سەرکۆماری ئێران پزیشکیان، باسی لەوە کرد کە ناوی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی لە کابینەکەیدا جێگیرکردووە و ڕایگەیاند: بە هاوکاری شارەزایان هەوڵی جێبەجێ کردنی یاساکان دەدەین. ڕێگە بدەن دیدگا جیاوازەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان. نابێت لەگەڵ یەکتر شەڕ بکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.