گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین ژان پیێر ڕایگەیاند کە بەرلە کۆتایی ئەم ھەفتەیە، گەورە بەپرسان لە قاھیرە پایتەختی میسر بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کۆدەبنەوە.
کارین ژان پیێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باسی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست لە غەززە لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کرد و گوتی: "بەرلە کۆتایی ئەم ھەفتەیە، گەورە بەپرسان لە قاھیرە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کۆدەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشدا کە لەئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە، یارمەتییە مرۆییەکان دەگەیەندرێنە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە و ڕایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ئەو ڕیککەوتنە ئەنجام بدرێت، ھەروەھا ئەوەی ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆکان پێشنیاز کراوە، ئامانجی لێی دەستەبەرکردنی ڕیککەوتنی ئاگربەستە لە غەززە".
باسی لەوەش کرد کە کۆشکی سپی بە جیددی ھەوڵدەدات، ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە پەیوەندی دایە لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ھەرێمی.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامانجی تاوتوێکردنی پرسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، سەردانی قەتەر و میسر دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.