ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کاری تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان کرا و وەزیری دارایی پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە هونەری و تەکنیکییەکانی تایبەت بە خەرجی و داهات و لیستی مووچە و میالاکات بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانمان بەڕوویاندا کراوە بووە.
لای خۆشیانەوە بەرپرسانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگی وەزیری داراییان کرد کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانەی لە بواری ژمێریاری و بودجە و داهات و خەرجییەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا هەبووە.
هەروەک شاندەکە ئامانجی سەردانەکایان ڕوونکردەوە کە خۆی لە وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ساڵی 2024 دەبینێتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای یاسای بودجەی گشتی عێراق کە پێویستە هەر سێ مانگ جارێک تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی وردبیبی لە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.