Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 16:58

وەزارەتی تەندروستی: هیچ حاڵەتێكی گومانلێكراوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی كوردستان نییە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستی جەختی كردەوە كە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی گومانلێكراوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە، هەرچەندە نەخۆشییەكە ئێستا لە 25 وڵات بڵاوبووەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەرپەرشتی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی - بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆپارێزی و تەندروستی و بەشە پەیوەندارەکان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)  ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا تایبەت بە رەوشی بڵاوبوونەوە یان سەرهەڵدانی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون کە لە ئێستادا لە نزیکەی 25 دەوڵەتدا بوونی هەیە.

دوای تاوتوێکردن و شیکردنەوەی ئەم نەخۆشییە، چەندین خاڵی گرینگ گفتوگۆ کرا و بڕیاردرا کە بەیانی دووشەممە رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاری لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی رابگەیەنرێت، هەروەها بڕیاردرا لێژنەی باڵای یەک تەندروستی (One Health) دابنرێت کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ.

هەروەها بڕیاری سێیەم کە پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی و هەڵمەتی راگەیاندن و رۆشنبیری تەندروستی، هەروەها ئامادەکاری دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام دەدرێت و لایەنە پەیوەندارەکان لەم رێکارانە ئاگار دەکرێنەوە.

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند "هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون نییە و بە وردی چاودێری دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەین و تەواوی ئامادەباشی و ئامادەکاری دەکەین و لە هەر حاڵەتێکیشدا رای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.