Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 17:10

فازڵ میرانی بۆ شاندی به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا: هیوا ده‌خوازین هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ی8ی2024، لە بارەگاى  مه‌كته‌بی  پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مه‌كته‌بی سیاسی پێشوازى لە كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر  و کاثرین شو یاریدەدەرى باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق بە وەکالەت کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانى بە گەرمى بەخێرهێنانى کرد و پوختەیەک لەسەر خۆئامادەکردنى پارتى دیموکراتى کوردستان بەتایبەتى و هێزە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان بە گشتیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هیواى خواست هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە ڕەوشى عێراق و ناوچەکە فازڵ میرانى دوپاتى کرده‌وه‌ کە عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکى ناسەقامگیر تێدەپەڕێت و ڕەوشه‌کە ئاڵۆزەو هەموومان لەم ناوچەیە پێویستى بە هاوهەڵوێستى و هاوڕیزى هەیە تا ئەم بارودۆخە تێپەڕێنرێت.

لە لاى خۆیەوە کاثرین شو یاریدەدەرى باڵیۆزى بەریتانى لە عێراق خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە ڕاپەڕاندنى کارەکانى لە هەولێر و ئامادەىى حکومەتى خۆى دەربڕى بۆ پێشکەشکردنى هەر هاوکارییەک بۆ سەرخستنى هەڵبژاردنەکان و هیواى خواست کوردستان هه‌میشه‌ لە گەشاوەدا بێت.


هه‌ر ئه‌مڕۆ  فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پێشوازى لە (کلاوس ستیشر) کونسلى گشتى ئەلمانیا لە هەولێر کرد.
لە دانیشتنێک دا فازڵ میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى تیشکى خستەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى کوردستان و عێراق و ناوچەکەو تازە پێشهاتەکان و خۆئامادەکردنى هێزە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى خولى شه‌شه‌مى پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە لە 20ی10ی ئه‌مساڵ ئەنجام بدرێت.

هەروەها میرانى دوپاتى کرده‌وه‌ کە حکوومەت و هێزە سیاسیەکان هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانى نێوان بەغداو هەولێر، بۆ ئەم چەندە هەموو هەوڵێک رەوایە بۆ زیاتر خزمەتکردنى گەلانى عێراق. هەروەها میرانى سوپاسى حکومەت و گەلى ئەڵمانیاى کرد بۆ ئەو یارمەتیەى کە پێشکەشى هەرێمى کوردستانى کردووە.

لەلاى خۆیەوە کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا لە هەولێر سوپاسى مەکتەبى سیاسى پارتى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارەو خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە پێشکەوتنى هەرێمى کوردستان سەرەڕاى هەبوونى گرفتەکان و قەیرانەکان بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستان توانیویەتى پێشکەوتن و ئاوادانکردنەوە بەردەوامى پێ بدرێت و هیواى خواست کوردستان و گەلى کوردستان لە پێشکەوتن دا بێت.
 
 
 
 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.