وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، ڕوت کۆڤەرۆڵ بانگھێشت کرد و یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی لەبارەی لێدوانێکی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا، ستیفن ھیکی لە بارەی عێراق ڕادەست کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەھۆی ئەوەی ئێستا باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن ھیکی سەردانی دەرەوەی عێراقی کردووە، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا، ڕوت کۆڤەرۆڵ بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی بانگھێشتکردنەکەدا، یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی لەبارەی لێدوانێکی ستیفن ھیکی لە بارەی عێراقەوە، ڕادەستی ڕوت کۆڤەرۆڵ کراوە، چونکە لێدوانەکەی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
باسی لەوەش کردووە کە لێدوانەکەی ستیفن ھیکی وێنەیەکی تاریک لەبارەی حکوومەت و پێکھاتەکانی عێراق نیشان دەدات، ھەروەھا لادانە لەو ئەرکە دیپلۆماسییەی کە بە باڵیۆزەکە لە عێراق سپێردراوە.
جەختیشی لە کردووەتەوە لەسەر پێویستی کرانەوە بەڕووی ئەزموونی عێراقدا، ئەوەش لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و دوورکەوتنەوە لە ھەر شتێک کە پێچەوانەی ئەو دیدە جددییە بێت کە حکوومەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی کاری لەسەر دەکەن.
ڕۆژی 16ی ئەم مانگە باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن ھیک لە بەرنامەیەکدا کە لە کەناڵی ڕووداو بەخش کرا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری ھەیە میلیشیاکان، عێراق لە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا تێوەگڵێنن یان پەلکێشی نێو جەنگی بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.