فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی 16ی ئاب و 78ـەمین ساڵیادی لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.
لە پەیامەكەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا هاتووە "78 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 16ی ئابی 1946 پارتی لەسەر دەستی ڕابەری ڕۆحی گەلەکەمان بارزانی نەمر دامەزرا کە ئەو کات گەلەکەمان لەنێو تاریکی زوڵم و ڕۆژگارێکی پڕ لە ستەمدا بوو".
هەروەها هاتووە " پارتی بە سوودوەرگرتن لە کەلەپوور و جیھانبینیی مستەفا بارزانیی ڕابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە ڕۆژی گەشی دامەزرداندنییەوە تا ئێستا خەبات دەکات لە پێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و کارکردن لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردنی کولتووری و فەراھەمکردنی باشترین ژیان بۆ ھاوڵاتییانی کوردستان".
دەقی پەیامەكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە یادی 16ی ئاب:-
بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایک بونی سەرۆک مسعود بارزانی ..
لە یادی 16ی ئاب (78) ساڵەی دامەزراندی پارتیمان و ساڵ و ڕۆژی لە دایک بوونی مەرجەعی گەلەکەمان جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی ، پیرۆز بای گەرم لە سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆک و سەرکردایەتی پارتیمان و ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان دەکەین.
78 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 16ی ئابی 1946 پارتی لەسەر دەستی ڕابەری ڕۆحی گەلەکەمان بارزانی نەمر دامەزرا کە ئەوکات گەلەکەمان لە نێو تاریکی زوڵم و ڕۆژگارێکی پڕ لە ستەمدا بوو، لە ساتی دامەزراندنیەوە تا بە ئەمڕۆ پارتی سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لەپێناو ئازادی گەل و خاک و نیشتیمان لە ئەستۆ گرتووە و (78) ساڵە دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی مەزن و هەمەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە.
هەر لە (نەهێشتنی هەستی خۆبەکەم زانین و ژێردەستەی و گەڕانەوەی هیوا بۆ هاووڵاتییانی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و ڕێکەوتنامەی 11ی ئادار و چۆکدادان بە پیلانی شوومی جەزائیر و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی و داڕشتنی پلانی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و هەروەها لەسەر بانگەوازە بەناوبانگەکەی سەرۆک مسعود بارزانی لە شاری کۆیە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئەنجام گەیشت، ئەمە جگە لە ڕۆڵی بەرچاوی پارتی لە پرۆسەی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق و شکاندنی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، ئەم دەسکەوتانە و دەیان دەسکەوتی دیکە بۆ هەتا ھەتایە مایەی شانازیی نیشتیمانپەروەرانی کوردستانە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە کەلەپوور و جیھانبینیی (مستەفا بارزانی)ی ڕابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە ڕۆژی گەشی دامەزرداندنییەوە تا ئێستا خەبات دەکات لەپێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و کارکردن لەپێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردنی کولتووری و فەراھەمکردنی باشترین ژیان بۆ ھاووڵاتییانی کوردستان..
لەم یادە پیرۆزەدا بەڵێن دەدەین کە لەسەر ڕێچگە و ڕێبازی بارزانی نەمر بەردەوام دەبین و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەبین لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و مەبدەئی هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و ڕێکەوتن لەنێوان هەموو گەلان و پێکهاتەکانی عێراق.
لەیادی دامەزراندنی پارتیدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی دامەزرێنەری پارتی و سەرۆکی ڕۆحی و نەتەوەیمان مستەفا بارزانی نەمر و كاك ئدریسی هەمیشە لەیاد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نەوی دەکەین .
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
16ی ئابی 2024
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.