جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی 78ـەمین ساڵیادی لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو كردەوە.
مەسرور بارزانی لە پەیامەكەدا رایگەیاند "پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووە".
جێگری سەرۆكی پارتی راشیگەیاند "پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە".
هەروەها رایگەیاند "چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت".
دەقی پەیامە پیرۆزباییەكەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
بە بۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم.
پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر ، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.
پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتیی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی ، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە. پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەدەستەوەدانی خاک و مافەکانی خەلکی کوردستان بگرێت. چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی ، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت ، چونکە سەرکەوتنی پارتی ، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستانە.
لە یادی شازدەی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی ، بارزانیی مستەفا و سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.