Erbil 21°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 05:15

بەریتانیا داوای لە ئێران كرد خۆی بەدوور بگرێت لە ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کییەر ستامەر داوای لە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کرد کە لە وەڵامی كوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە لە تاران، خۆی بەدوور بگرێت لە لە ھێرشکردنەسەر ئیسرائیل.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کییەر ستامەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان کردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نیگەرانی خۆی لە ھەمبەر پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نیشانداوە و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە سنوورێک بۆ گرژییەکان دابنێن و ڕێگریی بکەن لە ململانێیەکان لە ناوچەکە و گووتوویەتی: "کاتی ئەوە ھاتووە، ھەمووان بە ھێمنی و وریاییەوە بیر بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ستامەر کییەر داوای لە مەسعود پزیشکیان کرد کە خۆی بەدوور بگرێت لە ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، کییەر ستامەر ئاماژەی بەوەشداوە کە شەڕ لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە و جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەی کە لە پێناو ئاگربەستی بەپەلە لە کەرتی غەززە، ئازادکردنی دەست بەسەرکراوەکان و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، پێشکەش کراون.

ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا باسی لەوەش کردووە کە گرنگە، چاودێری پزیشکی بۆ بەندکراوە بیانییەکان لە ئێران، دەستەبەر بکرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان بەریتانیا و ئێران لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات دایە.

کییەر ستامەر جەختی کردووەتە لەسەر ئەوەی کە ناتواندرێت گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ئەنجام بدرێت، ئەگەر ئێران کۆتایی بە چالاکییەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەھێنێت و پاڵپشتییەکانی بۆ ڕووسیا ڕانەگرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.