Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 22:58

كرماشان.. به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

کوردستان TV
100%

دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی8ی2024، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌ شاری ئیسلام ئابادی غه‌رب له‌ پارێزگه‌ی كرماشان له‌ كوردستانی ئێران بیسترا، به‌رپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌هۆی مانۆڕێكی سه‌ربازی بووه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌و مانۆڕه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی دیكه‌ بیسترا، كه‌س نه‌شڵه‌ژێت و نیگه‌ران نه‌بێت. 

له‌ كاتێكدا دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 11ی8ی2024، قایمقامی ئیسلام ئابادی غه‌رب حه‌میدره‌زا كه‌ره‌می رایگه‌یاند، ده‌نگه‌ به‌هێزه‌كه‌ی ڕۆژی ئاماژه‌ پێكراو به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی غازی ماڵان بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و هه‌شت كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون و زیان به‌ر چه‌ندین ماڵ كه‌وتووه‌.

 هه‌ر له‌دوای قسه‌كانی قایمقامی ئیسلام ئابادی غه‌رب، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمپانیای غازی كرماشان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ بۆڕییه‌كانی غاز و غازی ماڵان نیه‌ و ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی روویداوه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ غاز نه‌بووه‌. به‌پێی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ ماڵێك به‌ ته‌واوی رووخاوه‌ و چه‌ندین ماڵی دیكه‌ی ده‌وروبه‌ری زیانی گه‌وره‌یان پێگه‌یشتووه‌. 

هه‌فته‌ی رابردووش ده‌نگی سێ ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز له‌ شاری سپاهانی ئیسفه‌هان بیسترا و ئه‌و كاتیش سوپای پاسداران رایگه‌یاند، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان به‌هۆی مانۆڕ و خولێكی سه‌ربازی بووه‌.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.