Erbil 18°C شەممە 23 تشرینی دووەم 17:50

كاتی هێرشی تۆڵەكردنەوە بۆ سەر ئیسڕائیل دیاری كرا

کوردستان TV
100%

هەواڵگری ئیسڕائیل وادەی هێرشی تۆڵەكردنەوەی حزبوڵا و ئێران بۆ سەر وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات.

رادیۆی سوپای ئیسڕائیل لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمنی و هەواڵگری وڵاتەكەی گواستییەوە: وادەی هێرشی حزبوڵا و ئێران بۆ سەر خاكی ئیسڕائیل بەتەواوەتی نزیك بووەتەوە.

هەروەها گواستییەوە: بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەكان پێشبینی دەكرێ سبەی دووشەممە حزبوڵای لوبنانی هێرشی هاژەكی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجام بدات، دوای چەند كاتژمێرێك ئێرانیش بەهەمانشێوە هێرش بكات.

بڵاویشیان كردەوە: چاوەڕوان دەكرێ هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل سنووردار بێت و نەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگێكی گەورە لە ناوچەكەدا.

ئەمە بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسێكی باڵای ئێرانییە كە دوێنێ شەممە رایگەیاندبوو، هێرشی ئێران بۆ تۆڵەی ئیسماعیل هەنییە، شۆكهێنەر دەبێت بۆ ئیسڕائیل و رەنگە بۆ ماوەی 3 بۆ 4 رۆژیش بەردەوامی هەبێت.

ماوەی چەند رۆژێكە ئێران بە فەرمانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی، خۆی بۆ هێرشێكی گەورەی تۆڵەكردنەوە ئامادە دەكات.

تۆڵەكە بۆ كوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماسە كە كۆتایی مانگی رابردوو لە هێرشێكدا لە تارانی پایتەختی ئێران كوژرا.

ئیسماعیل هەنییە بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری نوێی ئێران، سەردانی تارانی كردبوو، لە شوێنی مانەوە و لە كاتی مێواندارێتیدا هاتە كوشتن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.