وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا دووکەڵی وێستگەی كارەبای خەبات چارەسەر بكات.
وەزارەتی كارەبا بڵاوی كردەوە: کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پاراستنی ژینگە لە وێستگەکانی کارەبا، بڕیاری دا کێشەی دووکەڵی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای خەبات چارەسەر بکرێت.
بڵاویشی كردەوە: بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای FLT کارپێکەری وێستگەی خەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دووکەڵی وێستگەکە واژوو کرا و ڕیزبەندی هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکە و جێبەجێکردنی پلانە ژینگەییەکان لە پێشەوەی گرێبەستەکەدا هاتووە.
ئەم بڕیارەش لەچوارچێوەی ئەو بڕیارانەیە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەركرا كە بریتی بوون لە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و چارەسەركردنی دووكەڵی مۆلیدە ئەهلییەكان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دەبنە هۆكاری پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر.
لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی زۆری رێژەی دووكەڵی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای خەبات، ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی خەبات و هەولێر و هەرێمی كوردستانی لێ كەوتبووەوە و داوای چارەسەری گرفتەكە دەكرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.