Erbil 8°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:19

وەزارەتی ناوخۆ: 266 خێزانی ئاوارەی كەمپی حەسەن شام دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاردراوە بەشێوەی ئارەزوومەندانە 266 خێزانی دیكەی ئاوارە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: له‌سه‌ر فه‌رمانى مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، قۆناخى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى ده‌ڤه‌رى حه‌سه‌ن شام/ خازر جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌م قۆناخه‌ش 266 خێزان کە 107 لەو خێزانانە له‌ كه‌مپه‌كانى ئاوارەکان لە هه‌رێمى كوردستان و‌ 159 له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دەژین، به‌شێوه‌يه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان لە گوندى حه‌سه‌ن شام‌.

بڵاویشی كردەوە: ئەو خانەوادانە لە دوای هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە كەمپەكانی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى خانه‌خوێ ده‌ژين و حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌پێى توانا، هه‌موو خزمه‌تگوزارى و پێداويستيیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م كردبوو.

وەزارەتی ناوخۆ هەروەها بڵاوی كردەوە: بە هۆی ئەوەی گوندەکانیان لەژێر دەستی داعش ژێرخانی ئابوورى داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانکردنی لەناوچووبوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتی حکوومەتی ئیتیحادی و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان هەبووە و هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا له ‌قۆناخى ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی 271 خێزانى دیکەی ئاواره‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه کردووە و گه‌ڕاونه‌تەوه‌ بۆ زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش دا: لە دوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، جارێکی دیکە داوا له‌ دامه‌زراوه‌ ئيتحادييه‌كان ده‌كه‌ين‌ هه‌نگاوى كردارى بۆ فه‌راهه‌مكردنى خزمه‌تگوزارييه‌ بنه‌ڕه‌تيیه‌كان بۆ سنووره‌كه ده‌ست پێ بكه‌ن،‌ تا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە، هەروەها دابینکردنی ئەمنییەت و خزمەتگوزاری گشتی زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات.

وەزارەتی ناوخۆ جەختیشی كردەوە: لەم سۆنگەیەوە جەخت لەوە دەکەین کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت له‌ پشتيوانيكردنى سياسه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و سه‌ربه‌رزانەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.