سەرۆكی شارەوانی سرێشمە رایگەیاند، رەزامەندی وەرگیراوە سێ پڕۆژەی گرینگ لە شارەدێكەیان ئەنجام بدرێت و جەختیشی كردەوە كە بەمزووانە پڕۆژەی دیكەش دەكەونە واری جێبەجێبەكردنەوە.
سۆران شێرزاد سەرۆكی شارەوانی سرێشمە بە (كوردستان تیڤی) رایگەیاند: هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕەزامەندی لەسەر سێ پڕۆژەی جیاواز دا، پڕۆژەی یەكەم خۆی دەبینێتەوە لە دانانی تۆڕی ڕووناککەرەوە "ئینارە" بە درێژایی ڕێگای نێوان (خەلیفان-سرێشمە) و تەواوی شەقامی ناوەندیی شارەدێیەكەیان بە گوژمەی زیاتر لە 117 ملیۆن دینار.
پڕۆژەی دووەمیش دروستکردنی پارکێکی بچووکە لە شارەدێكە بە گوژمەی زیاتر لە 38 ملیۆن دینار.
پڕۆژەی سێیەمیش بریتییە لە کۆنکریتکردنی چەند کۆڵانێک لە گوندی کۆن و دروستکردنی دیواری پاڵپشت بە گوژمەی زیاتر لە 70 ملیۆن دینار.
سەرۆكی شارەوانی سرێشمە ئاماژەی بەوەش دا هەروەها ڕەزامەندی لەسەر فراوانکردنی ڕێگای گشتی سرێشمە-گۆڕستانی زارگەلی دراوە و ئێستا لێژنەی بۆ پێکهێنراوە.
جەختیشی كردەوە كە بەم نزیکانە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی سەرەوە دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە.
سۆران شێرزاد گوتیشی كە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی تریش ڕەزامەندیان لەسەر دەدرێت، بەتایبەت کۆنکریتکردنی کۆڵانەکان و دروستکردنی مەزرا و دیواری پاڵپشت و کەمەربەندی لە شارەدێی سرێشمە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.