Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 06:13

عێراق: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکادا ھەبێت

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمریکادا، ھەبێت.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق گوتوویەتی: تا ڕادەیەک باش توانیومانە، سنوورێک بۆ ئەوھێرشانە دابنێین کە دەکرێنە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە ڕاوێژکارانی سەربە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، تیایدا جێگیرکراون.

ڕاشیگەیاندووە، ڕاگەیاندراوەکەی حکوومەتی عێراق کە لە دوای ھێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە جورف سەخر بڵاوکرایەوە بە وردی ئەو ڕاستییەی دەرخست کە چی کراوە و چی ڕووی داوە.

ڕۆژی 30ی مانگی ڕابردوو، حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو کە بارەگایەکیان لە ناوچەی جورف سەخر باکووری پارێزگای بابل، لەلایەن فڕۆکەیەکی بیفڕۆکەوانی ئەمریکاوە بۆردومان کراوە و بەھۆیەوە چوار چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ باسی لەوەش کردووە کە ڕێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازییان لەگەڵ ئەمریکا ھەیە و گوتوویەتی: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، مامەڵە لەگەڵ واشنتۆن-دا دەکەین.

ھەروەھا ئاشکراشی کردووە کە لێژنەکانی دانوستانکار لەبارەی پرسی گۆڕینی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق گەیشتوونەتە قۆناغی نوێ و ڕایگەیاندووە کە عێراق دەیەوێت پەیوەنییەکی باشی لەگەڵ ئەمریکادا، ھەبێت.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، دوای ئەوەی لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە چەند ناوچەیەکی عێراق ژمارەیەک چەکدار کوژران و برینداربوون، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا، کۆتایی بھێنێت بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق.

لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا تایبەت بە کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، ئەنجامدراون.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.