وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفادی ئاماژەی بەوە کرد کە خوازیارن ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە فەراهەم بێت و گرژیی کۆتایی پێ بێت.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئێران، سەفادی بۆ تەلەڤيزیۆنی فەڕمی وڵاتەکە دووا و، باسی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆكکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
سەفادی باسی لەوە کرد کە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی هەڵکشانی گرژیی لە ناوچەکەدا سەردانی ئێرانی کردووە و، لەلایەن عەبدوڵڵای دووهەم شای ئوردنەوە ڕاسپێردراوە بۆ دروستکردنی دیالۆگێکی شەفاف و ڕوون بۆ تێپەراندنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها سەفادی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دیالۆگەی دروست دەبێت، ڕێگە دەکاتەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنەی هەردوو وڵات و برایەتی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.
وەزیری دەرەوەی ئوردن سەفادی، ئەوەیشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی لە بەرگریکارە پێشەنگەکانی دۆزی فەلەستینە و، ئیدانەی کردەکانی ئیسرائیلی کردووە کە هەڕەشە لە ئاشتیی و سەقامگیریی دەکەن و، لە ئێستاشدا کاری لە پێشینەی ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر غەززەیە.
سەفادی باسی لە كوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە کرد لە تارانی پایتەختی ئێران و، ڕایگەیاند: "ئوردن بە ڕوونی ئیدانەی ئەو كوژرانهی کرد. ئەمە هەنگاوێکە کە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییە بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و سەروەری دەوڵەتان. داوای هەڵنانی هەنگاوی کاریگەر دەکەین بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و ئەم جۆرە هەنگاوە نایاساییانەی ئیسرائیل".
گوتیشی: "خوازیارین ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە فەراهەم بێت و گرژیی کۆتایی پێبێت. وەک ئەوەی لە عەمان گوتم و لە تاران دووپاتم کردەوە؛ یەکەم هەنگاو دەبێت بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرژیی، ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر غەززە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.