ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بەپەلەی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە پێگەیشتووە و هەردوولا تاوتوێی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە و مەترسییەكانی چەند رۆژی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان كردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە پێگەیشتووە.
بڵاویشی كردەوە: هەردوولا هاوڕابوون لەسەر راگرتنی بەپەلەی شەڕ لە غەززە و رێگریكردن لە تەشەنەكردنی جەنگ لە لوبنان و هێرش و بەزاندنی سنوورەكان لەلایەن ئیسڕائیلەوە.
هەروەها بڵاوی كردەوە: سوودانی و بلینكن جەختیان لەوە كردۆتەوە كە پێویستە پێش لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و ئەگەری دروستبوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگیرێت لەلایەن ئێران و لایەنگرانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە بلینكن رایگەیاندووە، ئەمەریكا خوازیارە عێراق رۆلی هەبێت لە هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەگشتی.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند رۆژێكە دۆخی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئاڵۆز و مەترسیدارە، بەهۆی ئەوەی ئێران بەڵێنی داوە بەهاوكاری گرووپ و لایەنگرانی لە عێراق و سووریا و لیبیاوە، تۆڵەی هێرشەكەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمی رابردووی تاران بكاتەوە كە بەهۆیەوە ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و پاسەوانێكی كوژران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.