ئەمڕۆ یەكشەممە گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان كرا.
لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی فەیسەڵ عەلی و ڕێباز عەباس ڕاوێژکارانی وەزارەتی دارایی و یاسین واحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی ئەنجامدرا و کەمال ڕەئووف لە شوێنی ساماڵ عەبدولڕەحمان وەک بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و جەوهەر مەحموود لە شوێنی عەبدولقادر عەبدوڵا وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەست بەکاربوون.
لە وتەیەکیشیاندا ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی خواست لە ئەرکە نوێیەکەیاندا و بەناوی وەزیری داراییەوە هەموو پشتیوانییەکیان بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە.
هەروەک سوپاسی هەریەک لە ساماڵ عەبدولڕەحمان و عەبدولقادر عەبدوڵایان کرد کە لە ماوەی ڕابردوو جێی دەستیان دیار بووە لە بەرەوپێشبردنی بەڕێوبەرایەتییەکە و ڕێکستنەوەی بەڕێوبەرایەتییەکانی گومرگ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پیرۆزبایی ئەرکی نوێیان لێ کردن و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.