مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومهتی هەرێمی کوردستان لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی هاووڵاتییانی ئێزدی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایدهگهێنێت، ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.
هەرچەندە دە ساڵ بەسەر ئەم تاوانە تێدەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن و بە هۆی خۆسەپێنيی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شنگال، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.
مهسرور بارزانی دهشڵێت،لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕابەرایەتيی سەرۆک بارزانی، لە ڕزگارکردنی شنگال بەرز دەنرخێنین و بە ڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.
ههروهها رایگهیاندووه، حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.
مهسرور بارزانی ئاماژهی بهوهشداوه، لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژيی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.