چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا شێواز و شوێن و كاتی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل خستەڕوو لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس كە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە تاران كرایە ئامانج و كوژرا.
بەرپرسە ئەمەریكییەكان بۆ رۆژنامەی (سی ئێن ئێن) قسەیان كردووە و گوتویانە: هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل هاوشێوەی هێرشەكەی رۆژی 13ی نیسانی رابردوو دەبێت كە بە درۆن و هاژەكی دوورمەودا ئەنجامدران.
هەروەها گوتویانە: لە هێرشەكەی ئەمجارە بۆ سەر ئیسڕائیل، گرووپەكانی لایەنگری ئێرانیش لە عێراق و سووریا و یەمەن بەشدار دەبن.
دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئیسڕائیل ئامادەكارییەكانی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی خستۆتە ئەوپەڕی پلەی ئامادەباشییەوە و هەموو وڵات خراونەتە كاتژمێری سفڕی ئاگادارییەوە.
رۆژنامەكە هەروەها شەوی رابردوو لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) گواستییەوە كە پێشبینی دەكرێت لە ماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا هێرشی فراوانی ئێران و گرووپ و لایەنگرەكانی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجام بدرێت.
بڵاویشی كردەوە: هێرشەكە هاوشێوەی ئەوەی 13ی نیسانی رابردوو دەبێت كە بە درۆن و مووشەك ئەنجام دران، بەڵام هێرشی ئەمجارە فراوانتر و بەهێزتر دەبن.
هەروەها بڵاوی كردەوە: لە هێرشەكەی ئەمجارەدا حزبوڵای لوبنانیش بەشدار دەبێت كە لە هێرشی رابردوودا بەشدار نەبوو.
هێرشەكە لە تۆڵەی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران و فوئاد شوكر فەرماندەی باڵای سەربازی حزبوڵا دەبێت كە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئیسڕائیلەوە كوژران.
پێشتریش نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیبووی "ئێران لە رێگەی ئۆپەڕاسیۆنێكی تایبەتەوە وەڵامی بۆ كوشتنی ئیسماعیل هەنییە دەبێت".
هەروەها نووسیبووی "بێگومان ئۆپەڕاسیۆنەكە ئەوەندە توند و بەهێز دەبێت بكەران لە ئەنجامدانی تاوانی كوشتنی هەنییە پەشیمان دەكاتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.