Erbil 17°C چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم 22:55

حەماس وادەی هێرشكردنە سەر ئیسڕائیل ئاشكرا دەكات

کوردستان TV
100%

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس وادەی هێرشكردنە سەر ئیسڕائیلی ئاشكرا كرد بۆ تۆڵەكردنەوەی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكەیان.

بەسام خەلەف كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: رێككەوتن و هەماهەنگی تەواو لەسەر هێرشكردنە سەر ئیسڕائیل كراوە و رەنگە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا هێرشیان بكرێتە سەر، بە دڵنیایشەوە هێرشەكە بەهێز و گورز وەشێن دەبێت.

سەبارەت بە كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، خەلەف گوتی: بۆ ئێمە كارێكی شۆكهێنەر نییە و پێشتر چەندان سەرۆك و سەركردەی بزووتنەوەی حەماس كوژراون.

هەروەها گوتی: بۆ ئێمە كاتێكی زۆرە جەنگ دژی ئیسڕائیل دەستی پێ كردووە، بەڵام ئەمجارەیان گورزێكی كوشندەیان ئاراستە دەكەین لە تۆڵەی هەنییە.

سەرلەبەیانی دوێنێ چوارشەممە لە هێرشێكدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس كوژرا.

ئیسماعیل هەنییە بە مەبەستی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو.

رۆژنامەی (نیۆیۆڕك) تایمز شەوی رابردوو لە رێگەی چەند بەرپرسێكی باڵای ئێرانییەوە گواستییەوە كە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كردووە هێرشی راستەوخۆ بكەنە سەر ئیسڕائیل لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: فەرماندە باڵاكانی سەربازیی ئێران ئێستا خەریكی تاوتوێكردنی پلانەكانن بۆ ئەوەی هێرشێكی جەرگبڕ لە ئیسڕائیل بدەن.

بڵاویشی كردەوە: هێرشەكانی ئێران راستەوخۆ بۆ شارەكانی تەلئەبیب و حەیفای لەناوجەرگەی ئیسڕائیل دەبێت.

رۆژنامە ئەمەریكییەكە ئاماژەی بەوەش دا كە رەنگە هێرشەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەنیش ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكەی گەورە و بەهێزتر بێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.