بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە سبەی پێنجشەممە، تەرمی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیان، ئیسماعیل ھەنییە لە تارانەوە دەگوازرێتەوە بۆ قەتەر و ڕۆژی ھەینی لەوێ بە خاک دەسپێردرێت.
بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سبەی لە تاران پایتەختی ئێران، ڕێوڕەسمێکی فەرمی و جەماوەریی وەک پرسە بۆ ئیسماعیل ھەنییە بەڕێوەدەچێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر سبەی پێنجشەممە، تەرمەکەی ھەنییە دەگوازێتەوە بۆ دۆحە پایتەختی قەتەر و ڕۆژی 2ی ئەم مانگە دوای نوێژی ھەینی لە مزگەوتی ئیمام محەمەد بن عەبدولوەھاب نوێژی بە کۆمەڵ لەسەری دەکرێت.
باسی لەوەش کردووە کە دوای ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ، تەرمەکەی ھەنییە لە گوڕستانی ئیمام موئەسەس لە شاری لوسێل باکووری شاری دۆحە پایتەختی قەتەر، بەخاک دەسپێردرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ڕۆژی ھەینی، ژمارەیەک زۆر لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ھەنییە لە قەتەر ئامادە دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.