Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 04:56

مەسرور بارزانی: دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە

کوردستان TV
100%


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە، کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال، لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

مه‌سرور بارزانی ده‌شڵێت، دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانییدا هاتووه‌، لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە، کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکارییان کردن.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.