بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشكرای كرد كە لە ئۆپەڕاسیۆنێكی دوو رۆژەدا، توانیویانە باندێكی مەترسیداری كڕین و فرۆشتن و بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكەن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوێنێ دووشەممە توانرا بڕی یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا بگیرێت .
بڵاویشی كردەوە: لەم چالاکییەدا کە ماوەی دوو رۆژی خایاند، باندێکی شەش کەسی مەترسیدار کە کاری بڵاوکردنەوە و کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد دەستگیرکران.
هەروەها بڵاوی كردەوە: لە چالاكییەكەدا هەروەها درۆنێکیش دەستی بەسەردا گیرا کە لەم تاوانکارییەدا بەکار دەهێنرا لەگەڵ چەند پارچە چەک و نارنجۆک و بڕێک دۆلاری ساختەش.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەش دا كە تەواوی تۆمەتباران لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.