Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 13:52

چالاکوانان لە بەغدا دژی هەمواری یاسای باری کەسی ده‌وه‌ستنه‌وه‌

کوردستان TV
100%

        
چالاکوانان لە بەغدا دژی هەمواری یاسای باری کەسی وه‌ستانه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد.

 دوای ئه‌وه‌ی چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوایان له‌ په‌رله‌مانی عێراق كرد، یاسای باری كه‌سی هه‌مه‌وار بكرێته‌وه‌، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گۆرەپانی تەحریر لە بەغدا ناڕەزایەتییان دژی هەمواری یاسای باری کەسی دەربڕی، كه‌ له‌ ئێستادا بۆته‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی دانیشتنه‌كانی ناو په‌رله‌مان.

 بەشێک له‌ شیعەکان بەتایبەتی دەیانەوێت هەمواری یاساکە بکەن و هەر ژن و پیاوێکی عێراقی لەکاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بکەن.

چالاكوانان ده‌ڵێن، ئەم هەمواری یاسایە بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و وەک بۆمبێکی چێندراو دەیبینین بۆ وێرانكردنی كۆمه‌ڵگا و ناو ماڵی عێراقییه‌كان. 

گوتیشیان، به‌پێی ئەو یاسایە ژن وه‌ك مرۆڤ ته‌ماشا ناكرێت و بیبەشی دەکات لە هەموو مافێک. هەر بەپێی هەموارەکە، لەکاتی بوونی ناکۆکی لەنێوان هاوسه‌ره‌كاندا لەسەر مەزهەب، کە لەسەر بنەمای ئەو مەزهەبە هاوسەرگیری کراوە، مەزهەبی پیاو وەردەگیرێت، هاوسەرگیری پیاو لەگەڵ ژنی دووەمیش تەنیا رەزامەندیی دادوەری دەوێت. هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساکە دواخراوە، بەڵام هێشتا بەشێک له‌ پەرلەمانتارە شیعەکان دەیانەوێت بەزوویی ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە، بەبێ گوێدانە کاردانەوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌.


 هاوكات چالاكوانان گوتیان، له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ هه‌مه‌وار بكرێته‌وه‌، ده‌بوایه‌ چەندین پرسی تر، لە پێشینەی کارەکانیان بوایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە راستەقینەکان، وه‌ك کێشەی ماددەی هۆشبەر و کێشەکانی مافی مرۆڤ و کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری و نه‌بوونی كاره‌با و بێكاری.  
  
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.