Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:42

ڤێنیزوێلا.. ئۆپۆزسیۆن ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕەتکردەوە

کوردستان TV
100%


ئۆپۆزسیۆن لە ڤێنیزوێلا ڕایگەیاند ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە، نیکۆلاس مادورۆ سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، ڕەتدەکەنەوە

بەربژێری پلاتفۆڕمی یەکگرتووی دیموکراتی ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، ئێدموندۆ گۆنزالێز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی ھەڵبژاردنەوە ڕاگەیاندراوە، ڕەت دەکەنەوە و گوتی ئەوان (ئەنجوومەنی نیشتمانی ھەڵبژاردن)، سەرجەم بنەماکانی ھەڵبژاردنیان پێشێلکردووە و سەرجەم خەڵکی ڤێنیزوێلا، دەزانن چی ڕوویداوە.

ھەر لەوبارەیەوە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن لە ڤێنیزوێلا، ماریا کۆرینا ماچادۆ گوتی: "دەمانەوێت بە ھەموو جیھان ڕابگەیەنین کە بەربژێرەکەی ئێمە، ئێدموندۆ گۆنزالێز سەرۆکی تازە ھەڵبژێردراوی وڵاتەکەیە، ھەمووان دەزانن کە ئێمە براوەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتین"

لە بەرامبەردا سەرۆکی ئێستای ڤێنیزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستھێناوە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ڕێز لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بگیرێت و داواشی کرد کە گفتوگۆی نیشتمانی ئەنجام بدرێت.

نیکۆلاس مادورۆ لە گوتەیەکدا لەبەردەم لایەنگرانی دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە بەریگرییکردن لە دیموکراسی و ئاشتی لە ڤێنیزوێلا و داواشی لە لایەنگرانی کرد کە پەنا نەبنە بەر توندوتیژی، ھەروەھا ھەوڵی تێوەگلان لە فاشیزم نەدەن.

گوتیشی: "داوای ئەنجامدانی گفتوگۆی نیشتمانی لەگەڵ سەرجەم پارتەکان دەکەن و پێویستە ڕێز لە گەل و دەستوور بگیرێت و من ئامادەم گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بکەن".

پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی ھەڵبژاردنی ڤێنیزوێلا، ئێلڤیس ئامۆرۆسۆ ڕایگەیاندبوو بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە، نیکۆلاس مادورۆ سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڤێنیزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ بە بەدەستھێنانی سەدا 51،20ی دەنگەکان، بۆ جاری سێھەم پۆستی سەرۆکی وڵاتی بەدەستھێناوەتەوە.

لە بەرامبەردا بەربژێری پلاتفۆڕمی یەکگرتووی دیموکراتی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، ئێدموندۆ گۆنزالێز سەدا 44،20ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و براوەی دووهەمی هەڵبژاردنەکە بوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.