Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 05:07

پەیامێك لەبارەی زۆربوونی حاڵەتەكانی تەقەكردن و كوشتن لە سلێمانی بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

دەستەی سەربەخۆی  مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی زۆربوونی حاڵەتەكانی تەقەكردن و کوشتن و شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە نیگەرانن لە رووداوەكان.

دەستەكە لە پەیامەكەدا رایگەیاند: بەداخەوە ماوەیەکە چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕ و تەقە و دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتییان تۆمارکراوە و ڕوویداوە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

راشیگەیاند: ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دڵتەنگی ئێمەیە لە بەشێک لەو حاڵەتانە، ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەشداربوونە و تۆمەتبارن بە حاڵەتەکان کە ئەوە ئاماژەیەکی خراپە، چونکە ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان بریتییە لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و ناکرێ خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێ ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربینن بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشە و کوشتن و لێدان.

هەروەها رایگەیاند: لە کاتێکدا لە هەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنییە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بە چەکی فەڕمی ئەنجام دراون، ئەگەرچی جێی دەستخۆشییە هەردوو تۆمەتباری هەردوو ڕووداوەکە دەستگیرکراون.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش دا: ئێمە لە هەمانکاتدا نیگەرانی ئەوەشین کە هێشتا چەک بەدەستی هاووڵاتییانە و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاردێ و بۆتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و دروستکردنی نائارامی لە هەندێ شوێن و ناوچە کە پێویسته حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جددی تر کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردە ناشارستانی و نایاساییانە بکات و بەتەواوی دیاردەی چەکداری کۆنتڕۆڵ بکا و داواکراوانیش بدرێنە دادگا و بۆ هیچ کەسێک نەبێ داڵدەیان بدات.

جەختیشی كردەوە كە پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بکرێنەوە کە بە هیچ شێوەیەک دوای دەوامی فەرمی بۆیان نییە چەک بەکاربێنن و نابێ بەشێک بن لە حاڵەتەکانی تاوان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.