بڕیارە سبەی شەممە هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق و ئەرجەنتین لە دووەم یاریی گرووپی دووەمی یارییەكانی ئۆڵەمپیادی هاوینەی پاریس بۆ یاریی تۆپی پێی پیاوان رووبەڕوو ببنەوە.
یارییەكە لە كاتژمێر 16:00ی سەرلەئێوارە (بەكاتی كوردستان) لەسەر یاریگەی گرووپاما لە شاری لیۆنی فڕەنسا بەڕێوە دەچێت.
لە یارییەكەدا هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق بە درێسی سەوز یاری دەكات، هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئەرجەنتینیش بە درێسی سەرەكی سپی و شین یاری دەكات.
هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق لە یاریی یەكەمیدا لە ئۆڵەمپیادی پاریس بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئۆكڕاینا بەدەستهێنابوو.
بەپێچەوانەوە هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئەرجەنتین لە یاریی یەكەمدا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریب دووچاری شكست ببووەوە.
ئێستا هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق و مەغریب بە 3 خاڵ ریزبەندی یەكەمی گرووپی دووەمیان گرتووە، هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئەرجەنتین و ئۆكڕایناش بەبێ خاڵ لە ریزبەندی خوارەوەن.
لە یارییەكی دیكەی هەمان گرووپی دووەمدا، كاتژمێر 18:00 هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریب و ئۆكڕاینا رووبەڕوو دەینەوە.
یارییەكانی دیكەی سبەی شەممەی ئۆڵەمپیادی 2024ی پاریس بۆ یاریی تۆپی پێی پیاوان بەمشێوەیەن:- دۆمینیكا – ئیسپانیا كات 16:00، ئۆزبەكستان – میسڕ كات 18:00، نیوزلەندا – ئەمەریكا كات 20:00، ئیسڕائیل – پاراگوای كات 20:00، ژاپۆن – مالی كات 22:00، فڕەنسا – غینیا كات 22:00.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.