گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نابێت پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق تیرۆریستان بگرێتەوە و ئازاد بكرێن كە دەستییان بە خوێنی پێکهاتەکانی عێراق سوور بووە.
ڤیان دەخیل گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگهیاند: هەندێک لایەنی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدەن پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی تێپەڕێنن.
راشیگەیاند: بەهۆی ئەم پڕۆژەیاسایەوە ڕەنگە زۆرینەی تیرۆریستان لێبوردنیان بۆ دهربكرێت کە دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان لە عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و پێکهاتەکانی دیکە سوور بووە، بەتایبەتیش ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر ئێزیدییەکانیان هێنا.
پێشتریش فراكسیۆنی ئێزدییهكان لە پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئهمرۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان بایكۆت كردبوو بەهۆی خستنەڕووی پڕۆژەیاساكەوە.
لەمبارەیەوە نایف خەڵەف سیدۆ سهرۆكی فراكسیۆنی ئێزیدییهكان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە بەهۆی خستنەڕووی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی له كارنامهی كاری ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان نەكرد.
سهرۆكی فراكسیۆنی ئێزیدی وێڕای پشتڕاستكردنهوهی دهنگ نهدان به پڕۆژەیاساكه، ئاماژەی بەوە دا کە ئهم یاسایه خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراقییەکان ناکات و دەرفەتی رزگاربوون له سزادان دەدات به ههندێك باندی تیرۆریستی.
داواشی لە هێزە سیاسییەکان کرد بە یاساکەدا بچنەوە و ڕەتی بکەنەوە، هۆشداریشی دا لە دەرئەنجامەکانی دهنگدان بهم پڕۆژەیاسایه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.