Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 12:06

راگەیەنراوی هاوبەشی حزبە كوردستانییەكان: دەبێت كوردێك ببێتە پارێزگاری كەركووك

کوردستان TV
100%

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكشەممەی حزب و لایەنە كوردستانییەكان لە پارێزگای كەركووك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا جەختیان كردەوە كە دەبێت كوردێك ببێتە پارێزگاری كەركووك، بەرپرسی لقی 3ی پارتیش جەختی كردەوە كە لەگەل حزب و لایەنەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدا دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئامادەبوونی محەمەد كەمال بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان، حزب و لایەنە كوردستانییەكانی پارێزگای كەركووك بە مەبەستی رێككەوتن و دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك، كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا، دوای كۆبوونەوەكەش حزب و لایەنە كوردستانییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.

راگەیەنراوە هاوبەشەكە خۆی لە سێ خاڵی گرینگ دەبینێتەوە كە بریتین لە:

یەكەم / داوا لە لایەنە براوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووك دەكەین، بە زووترین كات حكوومەتی خۆجێی كەركووك پێكبهێنن بۆ خزمەتكردنی شاری كەركووك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.

دووەم / سەرجەم حزبە كوردستانییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار پشكی كوردە و دەبێت بۆ كورد بێت.

سێیەم / سەرجەم حزبە كوردستانییەكان هاوڕابوون لە كاتی پێویستدا كۆبوونەوەی بەرپرسی یەكەمی حزبەكان لە پارێزگای كەركووك ئەنجام بدرێت، مانگانەش كۆبوونەوەی پەیوەندییەكان بەبەردەوامی ئەنجام بدرێت.

دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەش، محه‌مه‌د كه‌مال به‌رپرسی لقی 3ی كه‌ركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد، پارتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان لە كەركووك لە گفتوگۆدا ده‌بێت بە مەبەستی رێككەوتن.

جەختیشی كردەوە كە پارتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سووڕ بووە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كە ده‌بێت پارێزگاری كه‌ركووك، كورد بێت.

رۆژی 11ی ئەم مانگە، یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەكە بە كراوەیی هێڵرایەوە تا لایەن و پێكهاتەكان رێك بكەون و لە ماوەی مانگێكدا پارێزگارێكی نوێی هەڵبژێرن و پۆستەكانی دیكەی پارێزگاكەش پڕبكرێنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.