دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراقی رایگەیاند، كێشە تەكنیكییەكانی سیستەمی پەیوەندیكردن لە جیهاندا كێشەیان بۆ گەشتە ئاسمانییەكانیان دروست نەكردووە و بەپێچەوانەوە گەشتەكانیان ئاسایین و بەردەوامن.
جیهاد دیوان گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراقی رایگەیاند: جوولەی فڕۆكە و گەشتە ئاسمانییەكان لە عێراق ئاسایین، ئەو كێشە تەكنیكییەی لە جیهاندا دروست بووە كاریگەری نەكردۆتە سەر فڕۆكەخانەكانی عێراق.
لای خۆشییەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاندبوو كە هیچ كێشەیەكیان لە ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەیان رووی نەداوە و گەشتەكان بەردەوام و ئاسایین.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە بەهۆی دروستبوونی كێشەی پەیوەندیكردن (IT) لە كۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە سیستەمی ویندۆزی كۆمپانیای مایكڕۆسۆف، بەشێكی زۆری فڕۆكەخانە گەورەكانی جیهان گەشتەكانیان تێدا راوەستاوە.
هەریەك لە فڕۆكەخانەكانی ئەمەریكا و ئوستڕالیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و زۆرێك لە وڵاتانی دیكەی جیهان راوەستانی گەشتەكانیان لە فڕۆكەخانەكانیان بەهۆی كێشە تەكنیكییەكەوە راگەیاندبوو.
كێشە تەكنیكییەكە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت جەختی كردۆتەوە كە خەریكی بەدواداچوونن بۆ كێشەكە و هەوڵی چارەسەركردن دەدەن.
كێشەكە تەنیا فڕۆكەخانەكانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو زۆرێك لە دەزگاكانی راگەیاندن و نەخۆشخانە و فرۆشگا و ماركێت و بانك و هێڵەكانی شەمەندەفەر و هەموو ئەو شوێن و كۆمپانیایانەی بە كۆمپیوتەر و پەیوەندیكردن (IT) ئەنجام دەدەن، كارەكانیان پەكی كەوتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.