Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:43

بایدن: داوا دەکەم دۆخی سیاسی لە ئەمریکا ھێور بکرێتەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن داوای کرد کە گرژییەکانی سەر ئاستی سیاسی لە وڵاتەکەی کەم بکرێتەوە و ھەوڵیش بدرێت دۆخەکە ھێور بکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەربژێری کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی ھەوڵێکی تیرۆرکردن بوویەوە.

جۆ بایدن لە گوتەیەکدا کە لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی "کۆمەڵەی نیشتمانیی بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەشپێستان" لە لاس ڤێگاس پێشکەش کرد تیایدا بە ئاماژەی زیادبوونی گرژییەکان لە سیاسەتی ئەمریکادا کرد و گوتی: "ھەموو کەسێک بەرپرسیارە لە بانگەوازکردن و سەرکۆنەکردنی ھەموو جۆرەکانی توندئاژۆیی".

گوتیشی: "نابێت ئەوە لەبیرمان بچێت کە ئێمە لە ئەمریکا دوژمن نین، ئێمە ھاوڕێ و دراوسێین و دۆستی ئەمریکاین".

ھەروەھا جۆ بایدن داوای "نەرمی لە سیاسەت" کرد، بەر لەوەی ئەوەی بەردەوام بێت لە ڕەخنەکانی لە سەرۆکی پێشوو و ڕکابەرەکەی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ.

ڕوونیشیکردەوە کە بانگەوازکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سیاسەتدا سەبارەت بە توندئاژۆیی، ڕێگریی ناکات لە "گوتنی ڕاستییەکان".

سەرۆکی ئەمریکا داوایشی کرد، چەکی " AR-15" کە لە ھەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ بەکارھێنراوە لە ئەمریکا، قەدەغە بکرێت و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە ئەو چەکە لە ئەمریکا، قەدەغە بکرێت".

ڕۆژی 14ی ئەم مانگە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ، ڕۆژی شەممە لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە بارەی ھەڵبژاردن کە لە پێنسیلڤانیا سازکرابوو، لە کاتی گوتارداندا ڕووبەڕووی ھێرشی چەکداری بووەوە و گوێچکەی برینداربوو، ھاوکات کەسێکی ناو کۆبوونەوە جەماوەریەکەدا کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.