Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:23

ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە دووچاری تیرۆكردن بوونه‌ته‌وه‌

کوردستان TV
100%


هەریەک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت، ڕۆناڵد ڕیگان، جیراڵد فۆرد، جۆرج دەبلیو بوش و دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردنی شکستخواردوو بوونەتەوە.


سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە و گوێچکەی بریندار بوو، چووە ڕیزی ئەو سەرۆک و کاندیدی سەرۆکانەی لە مێژووی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.

لە کاتێکدا ئەو هێرشە چەکدارییەی ڕۆژی شەممە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە پێنسیلڤانیا ڕوویدا و تیایدا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ بریندار بوو، نیگەرانییەکانی لە بارەی توندوتیژی لەو وڵاتە زیاد کردووە و، ئەو هێرش و هەوڵی تیرۆرکردنانەی وەبیری خەڵک هێنایەوە کە کراونەتە سەر سەرۆک و کاندیدانی سەرۆکایەتی لەو ولاتەدا.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ، کە یەکێکە لە کاندیدانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی پێنجی تشرینی دووەم، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە پێنسیلڤانیا گوتاری پێشکەش دەکرد، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە.

لە کاتێکدا ترەمپ لە هێرشەکەدا بریندار بوو، ئەنجامدەری هێرشەکەش کە کەسێکی 20 ساڵان بوو، کوژراوە، کەسێکی نێو کۆبوونەوە جەماوەرییەکەش گیانی لەدەستدا.

- لە ئەمریکا چوار سەرۆک لە ئەنجامی هەوڵی تیرۆرکردن گیانیان لەدەستداوە

سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئەبراهام لینکۆڵن و هاوسەرەکەی ماری تۆد لینکۆڵن، لە 14ی نیسانی1865دا، لە میانی بەشداریکردنیان لە نمایشێکی تایبەتی یاری کۆمیدی بەناوی "ئامۆزای ئەمریکیمان" لە واشنتۆن، ڕووبەڕووی تیرۆرکردن بوونەوە.

لینکۆڵن دوای یەک ڕۆژ لە هێرشەکە گیانی لەدەستدا و، بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە کوژرابێت.

پێش دوو ساڵ لە تیرۆرکردنی و لە سەروبەندی جەنگی ناوخۆییدا، لینکۆڵن بەڵگەی ئازادی بڵاوکردەوە کە دان دەنێت بە ئازادی ئەو کۆیلانەی لە ناو کۆنفیدراسیۆندا بوون، بەوەیش پشتیوانیکردنی لە مافی ڕەشپێستەکان وەک هۆکاری کوشتنەکەی خرایەڕوو.

دووەمین سەرۆکی ئەمریکاش کە بووە قوربانی تیرۆر، جەیمس گارفیڵد بوو لە دووی تەمووزی ساڵی 1881دا.

جەیمس گارفیڵد کە ماوەی شەش مانگ بوو لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا بوو، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە.

سێیەمین ڕووداوی تیرۆرکردنی سەرۆک لە ئەمریکا لە شەشی ئەیلوولی ساڵی 1901دا کرایە سەر 25یەمین سەرۆکی وڵاتەکە کە ویلیام مکینلی بوو.

ویلیام مکینلی دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لە نیویۆرک، لە کاتی تەوقەکردن لەگەڵ خەڵکەکە، تەقەی لێکرا.

کۆتا ڕووداوی تیرۆری سەرۆکی ئەمریکا کە کوژرانی سەرۆکەکەی لێکەوتەوە لە مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی 1963دا بوو کە تیایدا جۆن ئێف کەنەدی کوژرا.

جۆن ئێف کەنەدی و هاوسەرەکەی جاکلین کەنەدی بەیەکەوە لە میانی سەردانییکردنیان بۆ داڵاس ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بوونەوە.

کەنەدی لە دوای ماوەیەکی کەم لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.


- ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە لەو هێرشانەی کراوەتە سەریان ڕزگاریان بووە

تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت کە یەکێکە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، لە میانی بەڕێوەچوونی کەمپینی خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا کرایە ئامانج.

ڕۆزڤێڵت لە میانی کەمپینی هەڵبژاردندا کە بۆ جاری دووهەم کاندید بوو، لە 14ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1912دا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە میلواکی ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و، گولـله‌ بەر سنگی کەوت و بە برینداری ڕزگاری بوو.

لە ڕۆژی پێنجی ئەیلوولی 1975دا، 38یەمین سەرۆکی ئەمریکا، جیراڵد فۆرد ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەوە.

هەمان ساڵ و لە چەند هەفتەیەکدا جیراڵد فۆرد ڕووبەڕووی دوو هەوڵی کوشتن بووەوە و، بەبێ هیچ زیانێک ڕزگاری بوو.

جیراڵد فۆرد لە یەکەم هەوڵی کوشتندا، بەهۆی کار نەکردنی چەکی بکوژەکە ڕزگاری بوو، لە 22ی ئەیلوولیشدا لە سان فرانسیسکۆ لە هەوڵی دووهەمی کوشتن ڕزگاری بوو.

لە ئاداری ساڵی 1981دا، 40یەمین سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕیگان دوای پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتۆن و ڕۆیشتنی بەرەو کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا بریندار بوو.

لە ساڵی 2005دا، 43یەمین سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە تبلیسی پایتەخت لەگەڵ سەرکۆماری جۆرجیا میخائیل ساکاشڤیلی، بۆمبێکی دەستکردی ئاراستە کرا، بەڵام بەهۆی نەتەقینەوەی بۆمبەکە بۆش ڕزگاری بوو.

- کاندیدانی سەرۆکی ئەمریکا بوونەتە ئامانجی هێرشەکان

لە ئەمریکا کە ناو بە ناو توندوتیژی چەکداریی ڕوو دەدات، لە پاڵ سەرۆکەکاندا کاندیدانی سەرۆکیش دەکرێنە ئامانج.

وەزیری دادی پێشووتری ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆک، ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، بەهۆی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی کالیفۆرنیادا لە ساڵی 1968دا، دوای چەند خولەکێک لە پێشکەشکردنی گوتاری سەرکەوتن لە لۆس ئانجلس ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری بووەوە و کوژرا.

ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، برای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆن ئێف کەنەدی بوو کە پێش پێنج ساڵ لەو ڕووداوە کوژرابوو.

لە ساڵی 1972شدا، حاکمی پێشووتری ئالاباما و کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج واڵاس، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە.

واڵاس لە میانی کەمپینێکی هەڵبژاردندا لە ماریلاند، ڕووبەڕووی ئەو هێرشە چەکدارییە بووەوە کە بەهۆیەوە ئیفلیج بوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.