ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانیێل شاپیرۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و جەنەراڵ جۆل ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و نیکۆل سۆفتنێس بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سوریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژی ئەمەریکایە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لەمبارەیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا سوپاسی هەوڵ و کارکردنی بەردەوامیی سەرۆکی حکوومەتی کرد بە ئاراستەی سەرخستنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکا نیشان دا و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.