Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:45

دادگایەکی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ ھاوسەری ئەبو بەکر بەغدادی دەرکرد

کوردستان TV
100%


ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند کە سزای لەسێدارەدان بۆ ھاوسەری تاوانباری تیرۆریست ئەبو بەکر بەغدادی، بەتاوانی کارکردن لەگەڵ تیرۆیستانی داعش و دەستبەسەرکردنی ئافرەت و کچانی ئێزدی لە ماڵەکەیدا، دەرکراوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای تاوانەکانی کەرخ، سزای لەسێدارەدانی بۆ ھاوسەری تاوانباری تیرۆریست ئەبو بەکر بەغدادی دەرکردووە.

ڕاشیگەیاندووە: "پێشتر ھاوسەرەکەی تاوانباری تیرۆریست ئەبو بەکر بەغدادی، ئەو ئافرەت و کچە ئێزدییانەی کە لە قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای موسڵ، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرى کردوون".

باسی لەوەشکردووە کە سزاکە، پشت بەستن بە بڕگەکانی ماددەی چواری تیرۆر ژمارە 13 بۆ ساڵی 2005 و ماددەی حەوت لە یاسای ڕزگاربووانی ئافرەتان و کچانی ئێزدی دەستی داعش ژمارە ھەشت بۆ ساڵی 2021 دەرکراوە.

رۆژی سێی ئابی 2014دا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای موسڵ بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەت و کچانی ئێزدی ڕفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.

سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2019دا، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.