Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:58

ئه‌مڕۆ كۆتا واده‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ی7ی2024،واده‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان کۆتایی دێت‌. 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەمڕۆ دوا وادەیەی بۆ چارەسه‌رکردنی کێشەی نەخۆێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران و دەتوانن تاوەکوو کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ هاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی كوردستان.

 کۆمیسیۆن داواش دەکات هه‌موو ئەو کەسانەی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکەن.

 بە هۆی هەبوونی کێشە لە پەنجەمۆری سەدان هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆن بڕیاریدا لە یه‌كی تەممووزەوە تاوەکوو 10ی تەممووز ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات. 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی ھەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە کە 3 ملیۆن و 789 ھەزار و 360 دەنگدەر ھەیە و ڕاشیگەیاند کە لەو ژمارەیەش تا ئەمڕۆ 2 ملیۆن و 901 هەزار و 80 کەس کارتی بایۆمەتری دەرهێناوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق جومانە غەلای لە بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە لە پارێزگای ھەولێر یەک ملیۆن و 366 ھەزار و 462 دەنگدەری گشتیی ھەیە، کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و16 ھەزار و 357 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرھێناوە.

ھەروەھا لەبارەی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە ڕاشیگەیاندووە کە یەک ملیۆن و 496 ھەزار و 152 دەنگدەر ھەیە و لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 146 ھەزار و 530 کەس کارتی بایۆمەترییان دەرھێناوە.

ھاوکات لەبارەی پارێزگای دھۆکیشەوە، جومانە غەلای ڕاگەیاند کە ژمارەی دەنگدەران لەو پارێزگایە بریتییە لە 926 ھەزار و746 دەنگدەر و لەو ژمارەیەش738 ھەزار و 193 کەس دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتیی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 360 دەنگدەرە، تا ئێستاش دوو ملیۆن و 901 ھەزار و 80 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرھێناوە و بەم پێیەش 888 هەزار و 280 کەس کارتی بایۆمەتریان دەرنەهێناوە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2024،نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،وادەی بەڕێوەچوونی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی بۆ 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیارییکرد.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.