بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژی ئافرەتەكەی گەرەگی مەنتکاوەی شاری هەولێری راگەیاند كە خزمێكی نزیكی ئافرەتەكەیە.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 4/7/2024 تەرمی ئافرەتێک بەناوی (قەدەم خێر عزیز) بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕکی مەنتکاوەی شاری هەولێر دۆزرایەوە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچوون ئەنجامدرا.
راشیگەیاند: لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی بکوژەکە بەناوی (م، ک، ڕ) ئاشکرا بکەین کە خزمی نزیکی تاوانلێکراو ( قەدەم خێر)ـە.
هەروەها رایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بكوژەكەمان دەستگیر کرد و لە لێکۆڵینەوە لەگەل تۆمەتبار (م، ک، ڕ) دانی بە تاوانەکەی ناوە.
دوو ڕوژ بەر لە ئەنجامدانی تاوانەكە، بكوژەكە ئۆتۆمبێلەکەی (قەدەم خێر)ی فرۆشتوە و لە کاتی بردنەوەی پارەکەدا، لەپێناو بردنی ئەو بڕە پارەیە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.
تاوانبارەكە هەروەها لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بەمەبەستی بزرکردنی سەرەداوی تاوانەکە و ئاشکرانەبوونی، ئامێری مۆبایلی (قەدەم خێر)ی لە شوێنێکی چۆلەوانی لە دەرەوەی شاری هەولێر حەشارداوە، هەروەها ئەو بڕە پارەشی کە بردبووی، لەسەربانی ماڵەکەی خۆیدا له گوندی دارەبەن شاردبوویەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.