لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكاری بەرزبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی بەهای دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئاشكرا كرد و راشیگەیاند كە بەرزبوونەوەكە كاتییە و لە ماوەی دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بەرزبوونەوەی بەهای ئێستای دۆلار بەرامبەر بە دینار رێژەیەكی كەمە بەراورد بە ماوەكانی رابردوو.
سەبارەت بە هۆكاری بەرزبوونەوەكەش، رایگەیاند: بەرزبوونەوەكە پەیوەندی بە رێژەی خواستەوە هەیە كە ئێستا لە بازاڕ داواكاری لەسەر دۆلار زۆرترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بانكی ناوەندیی عێراق بەهەمان رێژەی پێشووتر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و هیچ كێشەیەك لە خستنەڕوودا نییە.
هەروەها رایگەیاند: لەبەرامبەر هەر بەرزبوونەوەیەكی بەهای دۆلار، بێگومان بانكی ناوەندیی عێراق كاردانەوەی دەبێت و پێشبینی دەكرێ لە دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا بەهای دۆلار بەشێوەی رێژەیی دابەزێت تا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەر لە هاتنی جەژنی قوربان بەهای دۆلار بەردەوام بەشێوەی رێژەیی بەرز بووەتەوە، بەشێوەیەك كە بەهای 100 دۆلاری ئەمەریكی لە 145 هەزار و 750 دینارەوە ئێستا نزیك دەبێتەوە لە 150 هەزار دینار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.