Erbil 15°C پێنجشەممە 04 تەمووز 23:56

جادووگەرێك دەستگیر كرا.. بزانە چ فێڵ و كارێكی نایاسایی بەرامبەر هاووڵاتییان كردووە؟

کوردستان TV
100%

لەلایەن ئاسایشی شارۆچكەی خەلیفانەوە جادووگەرێك دەستگیركرا كە چەندین فێڵ و كاری نایاسایی بەرامبەر هاووڵاتییان كردووە و هەروەها پەیوەندیی ناشەرعی لەگەڵ چەندین ئافرەتیش دروستكردووە.

ئاسایشی خەلیفان بڵاوی كردەوە: شەوی یەكشەممە كەسێكمان دەستگیركرد بەناوی (ح. ڕ. د) كە بە ئەسڵ خەڵكی وڵاتی ئێرانە و نزیكەی 20 ساڵە لە هەرێمی كوردستان ژیان بەسەر دەبات.

بڵاویشی كردەوە: ئەم کەسە خۆی بە شێخ ناساندووە و بەگوتەی خۆی لە ڕێگەی دووعاوە چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان و جەڵتەی دڵ و مێشک و گەدە و گورچیلە و هۆرمۆنی جەستە و درێژكردنی باڵای كردووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەرکەوت کەسێکی جادووگەرە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: ئەو كەسە لە ڕێگەی فێڵکردنەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە، بە ناوی چارەسەری نەخۆشیی دەروونی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ چەندین ئافرەت دروستکردووە، هەروەها بڕی 500 دۆلار لە چەندین کەس وەرگرتووە بۆ درێژکردنی باڵایان.

ئاسایشی خەلیفان ئاماژەی بەوەش دا كە لە ناو مۆبایلی ئەو جادووگەرەدا چەندین وێنەی ئافرەتیان دۆزیوەتەوە.

ئێستا تۆمەتبارەكە بە پێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە..

ئاسایشی خەلیفان داواشی لە هاوولاتییان كرد لە هەر شوێنێک ئەم جۆرە کەسانەیان بینی، ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی بدرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.