Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:34

لە كاتی چوون بۆ گەشت و سەیران چاودێری منداڵەكانتان فەرامۆش مەكەن

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران چەند رێنماییەكی بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانە بڵاو كردەوە كە لە نزیك رووبار و سەرچاوە ئاوییەكان گەیشت و سەیران دەكەن، یەكێك لە رێنماییەكان فەرامۆش نەكردنی منداڵەكانیان بوو بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراو و خنكانی لێ نەكەوێتەوە.

بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند كە پێویستە گەشتیاران لە کاتی چوونیان بۆ سەر رووبارەکان و سەرچاوه ئاوییەکان پابەندى ئەم رێنماییانە بن:-

1 - ئەگەر ئاستی مەلەوانیت باش نيیه، پەنا مەبه بەر مەلەوانی بۆ خۆفێنككردنەوه، چونکه ئاوی رووبارەکان جیاوازه له ئاوه وەستاوەکان وەك گۆماو و مەلەوانگه دەستکردەکان، رووبارەکان تیژڕەو و خێران و شەپۆڵیان زۆره کە بەو هۆیەوه کۆنترولی خۆت له دەست دەدەیت.

2 – لە کاتی سەردانیکردنتان بۆ ئەم ناوچانه، پابەندی رێنماییەکانی ئەو تابلۆیانه بن کە بەرێوەبەرايەتيمان له شوێنه ترسناکەکان بۆ مەلەوانی هەڵیانی واسیوه و به هیچ شێوەيەك لەم شوێنانه نزیک مەکەونەوه و مەلەوانی مەکەن .

3-  له کاتی سەرقاڵبوونتان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، چاودێریکردنی منداڵەکانتان فەرامۆش مەكەن لەم شوێنانه .

4-  له هەندێك شوێنى رووبارەکان پاشماوی کەلوپەل و تۆڕی راوچییەکان بەجێماوه که رەنگه ببێته هۆی گیربوونت له ناو رووبار و رووداوی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوه، تەنانەت ئەگەر ئاستی مەلەوانیکردنیشت باش بێت.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ماوەكانی هەفتەكانی رابردوودا چەندان رووداوی نەخوازراوی خنكان لە نزیك رووبار و سەرچاوە ئاوییەكان لە شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روویداوە بەهۆی پابەندنەبوونی گەشتیاران بە رێنماییەكان و ئەنجامدانی مەلەوانی و نزیكبوونەوە لە ئاوی رووبارەكان.

 

 

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.